تێپەڕاندنی قوتابخانە و چوون بەرەو زانکۆ – بەشی دووەم: پێشبینیە ئەکادیمییەکان

https://blog.cengage.com/wp-content/uploads/2016/05/college-study-sessions.jpg

لەبەشی یەکەمی ئەم زنجیرە باسەد تێڕوانینمان بۆ خەیاڵاتی فێرخوازە تازەکان کرد کە ئەوەش لەو متمانە و گەشبینیە زیاد لە پێویستەوە سەرچاوەی گرتووە کە فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی هەیانە دەربارەی تواناکانیان بۆ کۆنترۆڵ کردن و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو کێبڕکێیانەی کە لە کۆلێژ دێتە ڕێیان. ئەم بابەتە بەشی دووەمە لەو زنجیرە باسەو تێیدا باسی کۆمەڵێک پێشبینی ئەکادیمی دوور لەڕاستی دەکەین کە هاوبەشە لەگەڵ (خەیاڵاتی فێرخوازە نوێیەکەی کۆلێژ).

زۆرێک لە فێرخوازان دێنە کۆلێژ بێ ئەوەی هیچ بزانن دەربارەی ئەوەی کە چۆن بتوانن ئەکادیمیانە لە ژینگەی کۆلێژدا سەرکەوتن بەدەست بێنن. لەیەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی کە بەم دواییانە لەسەر فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی کرا ٨٩%  فێرخوازان پێیان وابو کە ئەزموونی ئەکادیمی کۆلێژ  هەمان ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ئامادەییە. لێکۆڵینەوەکانیتریش پشتگیری ئەوە دەکەن. زۆربەی کات خوێندنگە ئامادەییەکان ئەم جۆرە پێشبینیانە لای فێرخواز بەهێز دەکەن کاتێک بەشێوەیەکی نائاگایانە ڕێگە بە فێرخواز دەدەن کە وەک فێرخوازێکی پشت بەخۆ نەبەستوو بچنە کۆلێژ لەجیاتی ئەوەی هانیان بدەن کە پشت بەخۆ بەستوو بن. من ئەمە وەک لۆمە کردن و تاوانبار کردن ناڵێم، بەڵکو بۆ ئەوەی بزانن کە بەپێی ئەم خاڵە زۆرێک لە فێرخوازان کۆمەڵێک کەسیان هەبووە کە لەپشتیان بن و ئاگایان لە پڕۆسە ئەکادیمیەکانیان بێت و چاودێری ئارەزووەکانیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لەسەر ئەو بنچینەیە ڕۆشتوون کەچی فێرخوازە نوێیەکانی کۆلێژ نازانن چۆن ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببنەوە کە پێویستە خۆیان کۆنترۆڵی سەربەخۆیی ئەکادیمی خۆیان بکەن.

زۆرێک لە فێرخوازە نوێیەکانی کۆلێژ کە دەچنە کۆلێژ پێيان وايە کە:

‌‌١- دەتوانن پشت بە بەشەکەیان ببەستن تا ئاگایان لێیان بێت و بایەخ بەوە بدەن کە تاچەنێک بەباشی هەوڵ دەدەن.

٢- توانا و ئاستی خوێندنەوەیان بۆ کۆلێژ  لەئاستی پێویستدایە.

٣- هیچ کێشەیەکیان نابێت بۆ بەباشی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە کاتی وانەدا

٤- بەشێوەیەکی ئەکادیمی کۆلێژ هەمان دووبارە بوونەوەی قۆناغی ئامادەییە لەڕووی ئاست و پلە و توانای بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەماوەیەکی دیاریکراودا.

لەبابەتی پێشوودا ئاماژەم بەوەدا کە ٣٤% ی فێرخوازە نوێیەکانی کۆلێژ لەساڵی یەکەمدا واز لە کۆلێژ دێنن ئەوەی ئاماژەم پێنەدا ئەوەیە کە ١٥% یان بەهۆی پێشبینییە دوور لەڕاستییەکانەوە واز دێنن. جیاوازی نێوان ژینگەی ئەکادیمی قۆناغی ئامادەیی و کۆلێژ دەکرێ بایەخدار بێت، پێم باشە کە تۆ لەگەڵ دایک و باوکت یان مناڵەکانت گفتوگۆی لەسەر بکەیت و ئاگاداری ئەو جیاوازی و پێشبینیانە بیت. ئەمانە کۆمەڵێک نمونەن:

پلەدانان: زۆربەی کات لە کۆلێژدا نمرە باشەکان بە دەگمەن بەدەست دەهێنرێن، ئیشەکانت زیاتر و سەختتر دەبن، بەڵام ئەوەت لەبیر بێت کە مامۆستایانی زانکۆ هەمان سیستەمی نمرەدانان پەیڕەو ناکەن کە مامۆستایانی ئامادەیی پەیڕەوی دەکەن. هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ بەمەبەست زۆر بەکەمی نمرەی بەرز یاخود نمرەی تەواو دادەنێن، هەندێکیش بەشێوەیەکی زیاتر نمرەی بەرز دادەنێن، واتە بەگوێرەی  ئاستەکان و کۆلێژەکان دەگۆڕێت، نمرە نزمەکان بە ڕێژەیەکی زیاتر دادەنرێن. بوونی ئەم زانیارییە دەربارەی ئەوەی کە بەڕێژەیەکی بەرچاو نمرەی نزم زیاتر دادەنرێت دایکان و باوکان و فێرخوازانیش دەدات کە لەکۆتایی وەرزەکەدا دڵگران نەبن لە ئەنجامی نمرەکان و دووربن لە بێتاقەتی.

شێوازی فێرکردن لە کۆلێژ و داواکارییە ئەکادیمییەکان: زۆرکات فێرخوازە نوێیەکانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ لە شێوەی گروپی گەورە و قەرەباڵغدا وانەکان دەخوێنن، بەو واتایەی کە زۆر بە ئاسانی دەتوانی بەکەمی ئامادەی وانەکان بیت یاخود تەنانەت هەر ئامادەش نەبیت بێ ئەوەی کەس هەستی پێ بکات و پێی بزانێت. بۆم دەرکەوتوە کە لەکیس چوونی یەک وانە لە کۆلێژ زۆرجار وەکو لەکیس چوونی یەک هەفتەی ئامادەییە. ئەو بابەتانەی کە لە کۆرسەکانی کۆلێژدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ زۆر بەخێرایی تێپەر دەبن وە بابەتێکی زۆر لەماوەیەکی کەمدا باس دەکرێ بە پێچەوانەی زۆربەی خوێندنگە ئامادەییەکانەوە زۆربەی مامۆستایانی زانکۆ بەپێی مەنهەج و کتێبێکی دانراو ناڕۆن. ئەوەی لەماوەی وانەیەکدا شەرحی دەکەن لە نیوەی وەرزێکدا یان لە کۆتایی وەرزێکدا تەواو دەبێت. لەبیرت بێت لەزۆربەی پۆلەکاندا تەنها ئەو دوو چانسەت دەدرێتێ بۆ بەدەست هێنانی نمرەی کۆتایی.

تێبینی: ئەگەر تۆی فێرخواز (یان مناڵەکەت) باش نیت لە نوسینی تێبینیدا یان تەنانەت ئەگەر باشیش بیت پێویستە لەسەرت کە ڕێگاکانی نوسینی تێبینی لەکۆلێژ بخوێنیتەوە پێش چونە کۆلێژ. نوسینی تێبینی لەکاتی وانەدا باشترین ڕێگای سەعی کردنە، نوسینی تێبینی لەکاتی وانەدا دەتوانێ فێرخواز دروست بکات یانیش بیروخێنێ لەڕووی ئەکادیمییەوە.

یەکێکیتر لە جیاوازییە گەورەکانی نێوان قۆناغی ئامادەیی و کۆلێژ ئەوەیە کە زۆرێک لە فێرخوازە نوێیەکانی کۆلێژ لەلایەن مامۆستای یاریدەدەرەوە فێردەکرێن، مامستای سەرەکی ڕۆڵێکی زۆر کەمی هەیە لە فێرکردنیاندا. پێویستە لەسەر فێرخوازە نوێیەکان کە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ جوڵەو بەرەوپێش چوونی کاری مامۆستا یاریدەدەرەکان وەک چۆن خۆیان لەگەڵ مامۆستا سەرەکییەکاندا دەگونجێنن. بەشێوەیەکی گشتی مامۆستا یاریدەدەرەکان نمرە لەسەر تاقیکردنەوەکان و توێژینەوەکان دادەنێن نەک مامۆستا سەرەکییەکان.

وریابە: دەربارەی توێژینەوەکان دڵنیابەرەوە لەوەی کە لە واتای (دەق دزین) تێگەشتویت، (دەق دزین واتا بەکارهێنان یاخود سودوەرگرتن لە پارچە نوسین یان بیرۆکەی کەسێک بەبێ ئاماژە کردن بە ناوی کەسەکە، وە واپیشانی بدەیت کە خۆت خاوەنی ئەو بیرۆکە یان پارچە نوسینەیت). ئێستا زۆربەی کۆلێژەکان سود لە سیستەمی سۆفت وێر وەردەگرن بۆ پشکنین و ئاشکرا کردنی دەق دزین کە ئەمە سەرەکیترین پرسی زانکۆکانە. زۆرێک فێرخوازی نوێم بینیوە کە لە توێژینەوەکان و لەناو پۆلیشدا نمرەی زۆر کەمیان هێناوە یاخود دەرکراون لەسەر دزینی بابەتەکان یان ئاماژە نەدان بە سەرچاوەی بابەتەکان.

ئاستی خوێندنەوە:  بەشێوەیەکی گشتی پێویستە لەسەر فێرخوازان ١٥-٢٠ چاپتەر لە کتێبی مەنهەجەکەیان بخوێننەوە وە شتی زیاتر بخویننەوە لە مەلزەمەکانیاندا وە توێژینەوەکانیان تەواو بکەن پێش ئەوەی بچنە قۆناغی دواتر. زۆر بە ئاسانی دەتوانی ئەوە ببینی کە چۆن فێرخوازان وەڕس دەبن وە هۆکاری شکست خواردنیان ئەو وەڕس بوونە نییە بەڵکو ئەوان شکست دەخۆن چونکە نازانن چۆن بۆ کۆلێژ بخوێننەوە. خوێندنەوە بۆ کۆلێژ واتای چوستی و بەتواناییە. دەدۆزیتەوە کە باسی ئەو ڕێگایانە دەکات کە پێویستن بۆ خوێندنەوەیەکی خێرا.

پێویست بوونی یارمەتی دەرەکی و خۆ ڕێکخستن: لێرەدا دوو شتی گرنگ هەیە، زۆربەی فێرخوازانی کۆلێژ توشی شکست دەبن بەهۆی ئەوەی کە دەترسن لەوەی کە داوای یارمەتی بکەن، یان بەهۆی ئەوەی کە نازانن کە چی گرنگە. تەمەنەکەت لەبیر بکە و بچۆرە گروپێکی سەعی کردنەوە، مامۆستایەکی تایبەت بدۆزەرەوە و قسەی لەگەڵ بکە، داوا کردنی یارمەتی و خستنەڕووی ئەوەی کە تۆ کێشەت هەیە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە تۆ بێزمان یاخود نەزانی، لەڕاستیدا ئەگەر کێشەت نەبێ ئینجا ئەو مانایەی هەیە!

خۆڕێکخستن یەکێکیترە لە خاڵە گرنگەکان. لێرەدا من کاتی تەواوم بۆ لیکۆڵینەوە لەوە تەرخان نەکردووە بەڵام یەکێک لەو پێشبینیانەی کە دەیکەم ئەوەیە کە با خشتەی سەعی کردنی ڕۆژانەت هەموو ڕۆژێک لە یەک کاتدا بێت. ئەگەر ئەمە لە ڕۆژمێری ڕۆژانەتدا تۆمار بکەیت ئەوا پلانیشی بۆ دادەنێیت، بەم شێوەیە خوی سەعی کردنت بەرەو پێش دەبەیت. ئەگەر بیری لێ بکەیتەوە خوو بریتیە لە جۆرێکی خۆ ڕێکخستن کە تۆ بەشێوەیەکی خۆنەویستانە ئەنجامی دەدەیت چونکە مێشکت پێت دەڵێت کە بیکەیت. بۆ سەعی کردنیش هەمان شتە، ئەمە خوویەکە کە بە دڵنیاییەوە تۆ ناتەوێ وازی لێ بێنیت.

دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ فاکەڵتییەکەت: ئەم بابەتە تۆزێ قورسە گشتگیری بکەین چونکە ئەندامانی فاکەڵتییەکان زۆر لەیەک جیاوازن، بەڵام با ئێمە پلان بۆ کەیسێکی خراپ دابنێین. چاوەڕێی هیچ لە مامۆستاکەت مەکە جگە لە وتنەوەی وانەکە و ئەو کاتەی کە لە ژوورەکەیەتی کاتی دەوام، لەیەکێک لە توێژینەوەکانی ئەم دواییانەدا دەرکەوتووە ٧١% ی فێرخوازی نوێی کۆلێژ وابیردەکەنەوە کە مامۆستاکانیان لەڕووی کەسایەتییەوە فێرخوازەکانیان دەناسن. وا پێشبینی دەکەن کە مامۆستاکانیان ئاگایان لێیانە و ئەزانن کە ئایا لە کۆرسەکاندا باشن یاخود نا. پێشبینی هیچ کام لەوانە مەکە، ئاگاداری ئەوەبە کە بە پێچەوانەی مامۆستای ئامادەییەوە زۆربەی مامۆستایانی زانکۆ تەنها نیوەی کاتەکانیان بۆ وانە وتنەوە لە کۆلێژ تەرخان دەکەن یاخود مامۆستای ناسەرەکین لەو کۆلێژە، زۆربەیان پیشەی تایبەتیتریان هەیە یان لە کۆلێژیتر وانە دەڵێنەوە، ئەو مامۆستایانەش کە مامۆستای سەرەکین دیسانەوە لەپاڵ وانە وتنەوەدا خەریکی توێژینەوەن. بەکورتی مامۆستای زانکۆ کۆمەڵێک کاری لەپێشینەی هەیە، وە هەرچەندە هیوادارم وانەبێت بەڵام هەندێ لە مامۆستاکان تۆ وەکو یەکێک لە کارە لەپێشینەکانیان نابینن. پێویستە بۆ ناسینی مامۆستاکانی زانکۆت زیاتر لەوە هەوڵبدەیت کە بۆ ناسینی مامۆستاکانی ئامادەیی هەوڵتداوە.

سود لەم بابەتە وەربگرە بۆ خاڵی دەست پێکردن بۆ بیرکردنەوە دەربارەی جیاوازی ئەکادیمی نێوان ئامادەیی و کۆلێژ  پێش ئەوەی بچیتە کۆلێژ. لەبەرئەوەی کە من تەنها هەندێ خاڵی کەمم خستەڕوو دەربارەی جیاوازی نێوان ئامادەیی و زانکۆ، لەخوارەوە کۆمەڵێک پرسیار دادەنێم بۆ بەردەوام بونی گفتوگۆکە لەگەڵ فێرخوازەکەت یان خێزانەکەت یاخود هاوڕێکەت.

لەڕێی ڕێکخستنی کۆمەڵێک پێشبینی واقعییەوە دەربارەی کۆلێژ تۆ یاخود مناڵەکەت ئامادەدەبن بۆ هەمو پێکهاتێکی باش.

١-پێت وایە کە تۆ فێرخوازێکی پشت بەخۆ بەستویت؟ ئەگەر “نا” کەواتە پلانت چیە تا ببیت بە فێخوازێکی پشت بەخۆ بەستوو؟

٢-  ئایا تۆ هیچ شێوازێکی تایبەتت هەیە بۆ نوسینی تێبینی لە پۆلدا؟ ئەی چی ئەبێ ئەگەر وانەکە ٣ کاتژمێر بخایەنێت و مامۆستاکەش خێراتر قسە بکات، ئایا دەتوانی بەردەوام بیت لە تێبینی نوسین؟ (لێرەدا دەرفەتێکی باش هەیە، باشتر وایە دەربارەی چۆنێتی نوسینی تێبینی لە کۆلێژ بخوێنیتەوە).

٣- ئایا دەزانی کە چۆن پەرە بە خوێندنەوەت بدەیت بۆ کۆلێژ؟ ( ئەمە جیاوازە لە خوێندنەوەی ئامادەیی).

٤- هەستت چۆن دەبێ ئەگەر مامۆستای زانکۆت لەڕووی کەسایەتییەوە بایەخت پێ نەدات؟

٥- ستراتیژەکان کامانەن بۆ سەعی کردنی کاتی تاقیکردنەوەکان بۆ ٨ هەفتە محازەرە و ٢٢ بەشی کتێبی مەنهەج؟

٦- چۆن مامەڵە لەگەڵ دڵەڕاوکێکانت دەکەیت؟

لەبابەتی داهاتوودا بەردەوامی بەم زنجیرە باسە دەدەین لەگەڵ سەرنج خستنەسەر هەندێ پێشبینی کۆمەڵایەتی دوور لەڕاستی لەلایەن زۆرێک لە فێرخوازانی نوێوە.

 کۆتا بابەتی ئەم زنجیرە باسە بە ناونیشانی پێشبینییە کەسییەکانەوە دەبێ.

سەرچاوەی بابەت:  ئيره ببينه

 سەرچاوەى وێنە:  ئيره ببينه

وەرگێڕان: ئاڵا فرج

هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد

دیزاین: فێرۆپيديا

دەربارەى Ala Faraj

ئاڵا فرج حسین دەرچوی بەشی ئینگلیزی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتییە لە زانکۆی سلێمانی. پیشەی مامۆستایە. ئەو هەم زمانی ئینگلیزی و هەم پیشەکەی زۆر خۆشدەوێت، چونکە باوەڕی وایە بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندروست بەندە لەسەر پەروەردەیەکی تەندروست. ئامانجی ئاڵا گەیاندنی خزمەتە بە کۆمەڵگاکەی بەگشتی و چینی مامۆستا بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا، وە دڵنیاشە کە لەگەڵ گروپی فێرۆپیدیادا زووتر بەو ئامانجەی دەگات.

لێرەش بگەڕێ

ڕۆڵی خێزانەکان

ڕۆڵی خێزانەکان http://directory.libsyn.com/episode/index/id/6474823 دەتوانین ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕابین کە خێزانەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە …

Share via
Send this to a friend