تێپەڕاندنی قوتابخانە و چوون بەرەو زانکۆ  – بەشی سێیەم: بەرەنگاربوونەوە کۆمەڵایەتییەکان             

http://www.qs.com/wp-content/uploads/2015/05/students-or-teenagers-with-laptop-and-tablet-computers.jpg

لەبەشی یەکەمی ئەم زنجیرەباسەدا باسم لە خەیاڵاتی فێرخوازی نوێی کۆلێژ کرد کە ئەم خەیاڵاتانەش ئەگەڕێنەوە بۆ گەشبینی و باوەڕبەخۆ بوونێکی لەڕاددەبەدەر کە زۆرێک لە فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی هەیانە دەربارەی تواناکانیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو بەرەنگاربوونەوە و کێبڕکێیانەی کە لە کۆلێژ دێتە ڕێیان.

لەبەشی دووەمدا گفتوگۆ کرا دەربارەی هەندێک لەو پێشبینییە ئەکادیمییە باوە دوور لە ڕاستییانەی کە فێرخوازە نوێیەکانی کۆلێژ هەیانە.

لەم بابەتەشدا دەڕوانینە هەندێک لەو ململانێ کۆمەڵایەتییانەی کە فێرخوازی نوێی کۆلێژ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. کاتێک وادەی دەست پێکردن دێت زۆربەی فێرخوازان و دایکان و باوکان لەسەر بنەمای پلە و زۆرێتی خواست و نمرەی قبوڵکراو …هتد کۆلێژەکان هەڵدەبژێرن. دوای هەوڵدانێکی زۆر بۆ ئەوەی لە کۆلێژ وەربگیرێن ژمارەیەکی کەمی فێرخوازان بە جددی بیر لەو شێوازە نوێیەی ژیانیان دەکەنەوە پێش ئەوەی بچنە کۆلێژ.

لەتوێژینەوەیەکدا کە لەم دواییانەدا لەسەر فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی کراوە ٧٤% ی فێرخوازان وەکو بابەتێکی سەرەکی و گرنگ نەیان ڕوانیوەتە ئەو ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییانەی کە پەیوەندی بە کۆلێژەوە هەیە. کێ دەتوانی لۆمەیان بکات؟ ماوەی ١٢ ساڵ لە ژیانیان بەشێک بووە لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی حازر دروستکراو، لە ئەنجامدا فێرخوازان بەشێوەیەکی سروشتی لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی قۆناغی ئامادەییدا بەشدار بوون لەبەرئەوەی ئەوە بەشێک بووە لە ئەزموون و پلانی ئەکادیمی. زۆربەی شێوازی پەیوەندییەکان لەلایەن مامۆستایان و بەڕێوەبەر و دایکان و باوکانەوە پەرەیان پێدراوە و پشتگیری کراون کە بووە بە بەشێکی چاوەڕوانکراو لە ئەزموونە ئەکادیمییەکاندا. لەبەرئەوەیە کە بە ئاسانی دەتوانی ئەوە ببینی کە بۆچی فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی لەڕاددەبەدەر گەشبینن لەبارەی کێبڕکێ و بەرەنگاربوونەوە کۆمەڵایەتییەکانی کۆلێژ.

وەک لە بابەتی پێشوودا ئاماژەم پێدا کە بەپێی ئامارێکی ئەمریکی ٣٤% ی فێرخوازانی نوێی کۆلێژ هەر یەکەم ساڵ واز لە کۆلێژ دێنن بەهۆی ئەوەی کە زیاد لە پێویست متمانەیان بە خۆیان هەبووە و کەمتەرخەمیان کردووە لە خۆئامادەکردندا و کۆمەلێک پێشبینی دوور لەڕاستییان هەبووە دەربارەی کۆلێژ. دادپەروەرانەیە ئەگەر بڵێین زیاتر ٧٠% ی ئەو فێرخوازانە بەهۆی ئەوەوە کۆلێژ بەجێ دێڵن چونکە ئامادەنەکراون بۆ ڕێکخستنی ژینگە کۆمەڵایەتییە نوێیەکەیان.

لەڕاددەبەدەر گەشبینی و کەمتەرخەمی لە خۆئامادەکردندا زۆرێک لە فێرخوازە نوێیەکان دێنێتە زانکۆ بەبێ ئەوەی بیریان کردبێتەوە دەربارەی ئەوەی کە چۆن بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە تێکەڵی کلتوور و ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆلێژ ببن. جیاوازییەکانی نێوان ژینگەی کۆمەڵایەتی قۆناغی ئامادەیی و کۆلێژ بایەخی خۆیان هەیە، لەبەرئەوە من پێشنیار دەکەم کە فێرخوازان پلانێک بۆ خۆیان دابنێن کە چۆن تێکەڵی ژینگەی نوێی کۆلێژ ببن.

 بیرکردنەوە و گفتوگۆ کردن دەربارەی ئەمە لەوانەیە وا لە فێرخواز بکات کە خێراتر لەگەڵ ژینگە نوێیەکەیاندا بگونجێن. من گرنتی ئەوە دەکەم کە ئەو فێرخوازانەی ئەم کارە ئەنجام دەدەن خێراتر هاوڕێ پەیدادەکەن و زیاتر هەست بەخۆشی دەکەن لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بە بەراورد لەگەڵ ئەو فێرخوازانەی کە ئەو کارە ناکەن.

پێویستە پلانەکە ئەم خاڵانەی تێدابێت:

١-تێگەشتن لە پێکهاتەو یاساکانی ژینگە نوێیەکە.

٢- دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەوەی کە چۆن ببیت بە بەشێک لە پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگە تازەیە.

٣- بوونی تێڕوانینێک کە چۆن هەڵسوکەوت بکەن یاخود چۆن خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگە نوێیەکەی کۆلێژ بگونجێنن.

ئەگەر تۆ ئامادەی بۆ دانانی پلانێک تاکو ناونیشانێک بدەی بەو کێبڕکێ کۆمەڵایەتییەی کە لەپێشتە، پێشنیار دەکەم کە پێداچوونەوەیەک بەم خاڵانەدا بکەیت:

– لە پێکهاتەی نوێی کۆمەڵایەتی کۆلێژ تێبگە:  باشترین ئامۆژگاری کە بتوانم پێتی بڵێم ئەوەیە کە بگەڕێیت، بەشداری بکە، وە هەندێ سەرکێشی ئەنجام بدە. دڵنیام کە خەڵکیتریش ئەمانەیان بە تۆ وتووە. بەڵام ئەوەی من لێرەدا بە دیاریکراوی مەبەستمە ئەوەیە کە من  ئەمەوێ تۆ بگەڕێیت و هەموو شتێک بدۆزیتەوە دەربارەی ئەو کۆلێژەی کە لێی وەرگیراویت. سوود لە ئینتەرنێت وەربگرە بۆ پشکنینی گروپ و ڕێکخراوە قوتابییەکان. دەربارەی فاکەڵتییەکەت شت بخوێنەوە (دوودڵ مەبە لە ناردنی ئیمەیڵ بۆیان) ، دەربارەی مێژووی کۆلێژەکەت شت بخوێنەوە، بچۆرە گروپەکانی فەیسبووکیانەوە، سەردانی کەمپی زانکۆ بکە و بزانە لەوێ چ جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکەش دەکرێ، قسە لەگەڵ ئەو فێرخوازانەدا بکە لە پێشتر لەوێ وەرگیراون ( لەزۆربەی بەشەکاندا نوێنەری خوێندکاران هەیە)، هەوڵبدە نەخشەی زانکۆکە و دەوروبەری بزانیت، بەدوای وردەکارییەکاندا بڕۆ بۆ نمونە : لەکوێ سەرت چاک بکەیت؟ نزیکترین دوکانی خواردن لەوێوە کوێیە؟ یان دوکانی سەوزە و میوەی نزیک کوێیە؟  بزانە فێرخوازان لە کوێوە دەڕۆنە دەرەوەی کەمپەکە؟ ئایا هیچ مۆڵێک یان سینەمایەک لەو نزیکانە هەیە؟

زانینی زیاتر دەربارەی کۆلێژ و دەروبەرەکەی یارمەتیت دەدات کە زیاتر هەست بەوە بکەی کە لەماڵەوەیت و دەست بکەیت بە بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانت لە ژینگە نوێیەکەی زانکۆدا.

هەنگاوی دوای ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە: پێویستە لەسەرت کە هەموو هەوڵێکی خۆت بدەیت تاکو بەشداری بکەیت وە هەندێ سەرکێشی ئەنجام بدەیت بۆ ناسینی خەڵکی نوێ زۆربەی فێرخوازانی نوێ کە دێنە کۆلێژ پێشتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەوڵیان نەداوە هاوڕێی نوێ بناسن. لە فەیسبووکەوە  دەست پێبکە پێش ئەوەی بێیتە زانکۆ. زۆربەی کۆلێژەکان پەیجیان هەیە ئەگەر بگەڕێیت ئەو فێرخوازانە دەدۆزیتەوە کە لەهەمان بەشی تۆ یاخود تەنانەت لەهەمان گروپی تۆ بن. بگەڕێ بەدوای گروپ و ڕێکخراوە قوتابییەکاندا و ئیمەیڵ بۆ سەرۆکەکانیان بنێرە. هاوڕێ پەیدا بکە پێش ئەوەی بچیتە زانکۆ.

کاتێک دەچیتە زانکۆ دوو هەفتە بۆ سێ هەفتەی سەرەتای کۆلێژ وەک ڕێگەیەکی ئازاد وایە بۆ پەیداکردنی هاوڕێی نوێ و تێکەڵبوون بە ژینگەی نوێی کۆلێژ. ئەمە لەوانەیە تاکە ماوە بێت لەکۆلێژ کە تێیدا کەسانی نەناسراو وەک کەسێکی شێت تەماشات نەکەن کاتێک دەچیت لەسەر هەمان مێزی نان خواردن لەگەڵیان دادەنیشیت و دەست دەکەیت بە گفتوگۆ لەگەڵیاندا.

زۆربەی فێرخوازە نوێیەکان هیچ هاوڕێیەکیان نیە لەزانکۆ وە پێویستیان بەوەیە کە وەک تۆ هاوڕێ پەیدا بکەن، بەڵام پێویستە یەکێک ئەو سەرکێشییە بکات و یەکەمجار دەست بکات بە دروست کردنی پەیوەندییەکە. بۆچی ئەو کەسە تۆ نەبیت؟ هەندێ شتی سادە ئەنجام بدە وەک زەردەخەنەیەک و سڵاوکردنێک، پاشان خۆتی پێ بناسێنە. دەرگاکەت بە کراوەیی بەجێ بهێڵە کاتێک لە ژوورەکەی خۆتی لە بەشی ناوخۆیی ( خەڵکی لەخۆت دوور مەخەرەوە). بچۆ بۆ ئەو ئاهەنگی یەکترناسینەی کە لەلایەن کۆلێژەکەتانەوە ڕێک دەخرێت. هەموو ڕۆژێک و لە هەموو وانەیەکدا لەهەمان کورسی دامەنیشە چونکە ئەگەر وابکەیت ئەوکاتە تەنها ئەو کەسانە دەناسیت کە لەلای ڕاست و چەپی تۆوە دانیشتوون. بە دوای گروپە خۆبەخشەکاندا بگەڕێ، چونکە ئەوە ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ بەشداری کردن و بوون بە بەشێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە نوێیەکەی زانکۆ.

هەرچییەک ئەکەی مەبە بە تەڵەی تۆڕە ئەلکترۆنییەکانەوە. کاتە بەتاڵەکانت لە پشتی کۆمپیوتەرەکەتەوە بە چات کردن لەگەڵ هاوڕێکانی ئامادەییت یاخود بە یارییە ئەلکترۆنییەکانەوە بەسەرمەبە. ئەگەر زۆربەی کاتەکانت لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ خەڵکی بیت بە کۆمپیوتەرەکەت و لەژوورەکەی خۆت بەسەری ببەیت ئەوا هەرگیز نەبیت بە بەشێک لە کۆمەڵگەی کۆلێژەکەت. ئاساییە ئەگەر لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانت لە پەیوەندیدا بیت، تەنها ماوەکەی کەم بکەرەوە بۆ کەمتر لە کاتژمێرێک لە ڕۆژێکدا. لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە ئاساییە هەست بە تەنهایی بکەیت، ئاساییە هەست بە بێتاقەتی بکەیت، بەڵێنت پێ دەدەم کە تۆ تەنها کەس نیت کە بەم شێوەیە هەست دەکەیت، بەدڵنیاییەوە باش دەبیت.

-لە پێکهاتەو یاساکانی ئەو کۆمەڵگە نوێیە تێبگە: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی قۆناغی ئامادەیی و کۆلێژ تەواو لەیەک جیاوازن. لە ئامادەییدا بۆ زۆربەی فێرخوازان سەختە کە بتەوێ لەبەرچاو نەبیت، تۆ شوێن یاساکانی کەسێکیتر دەکەویت. بەڵام لە کۆلێژ بەدڵی خۆت دەتوانی ئەو کۆمەڵە یاسایانە ڕێک بخەیت کە لەگەڵ خۆتا گونجاون.

لە توێژینەوەیەکی ئەم دواییانەدا ٧٦% ی فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی وابیردەکەنەوە کە لە کۆلێژ وەکو ژمارەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت وەک ئەوەی کەسێکی نەناسراو بن. ئەگەر تۆ لەوە تێبگەیت کە تۆ خۆت کۆمەڵێک یاسا ڕێک دەخەیت بۆ ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی کۆلێژ بکەیت کەواتە دەبێ لەوەش تێبگەیت کە کاتێک وەکو ژمارەیەک مامەڵەت لەگەڵ دەکرێ کە خۆت ڕێگە بدەیت ئەوە ڕووبدات. ئەگەر تۆ هەر لە پۆلدا دانیشیت و هەرگیز نەچیت بۆ بینینی مامۆستاکەت ئەوا تۆ ئەو کاتە ئەبیت بە ژمارەیەک، ئەگەر هەرگیز پەیوەندیت لەگەڵ ڕێکخراوێکدا یان یاری وەرزشی دۆستانە نەکەیت یان وەکو خۆبەخشێك ئیش نەکەیت ئەو کاتە ئەبیت بە ژمارەیەک. یەکەم یاسای کۆمەلگە یان کلتوری کۆلێژ ئەوەیە کە ئەزموونەکانت بەندن لەسەر ئەوەی تا چەنێک تۆ خۆت ئەخەیتە ئەو جێیانەوە. ئەگەر دەتەوێت ببیت بە بەشێک لە کۆمەڵگەی کۆلێژ  کارێک بکە کە ببیت بە بەشێک لێی، لەبیرت بێت هیچ کەس ئەو کارەت بۆ ناکات.

پەستانە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی گەورەن لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی کۆلێژ، لەبەر ئەوەیە کە حاڵەتەکانی خواردنەوە و ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە لەڕووی ئەکادیمی و تاکەکەسییەوە وێرانکەرن ڕوو لە زیاد بوون دەکەن. زۆربەی فێرخوازان دەست دەکەن بە کردنی ئەو کارانەی کە پێشتر هەرگیز بیریان لەئەنجامدانی نەکردۆتەوە.

کەواتە لێرەدا ڕاستییەک هەیە دەربارەی کۆلێژ: لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو شتانەی ئەنجامی دەدەیت بەهۆی پەستانی کۆمەڵایەتیەوەیە، ئەمە ڕاستییەکی کۆلێژە و وە بەشێکە لە هەوڵدان بۆخۆ گونجاندن لەناویدا. تۆ پێویستە بڕیار بدەیت کە تاچەند دەتەوێ ئەوە ڕوو بدات وە تا چەنێک ئەتەوێ لەو گروپانەیا بمێنیتەوە کە پەستانێکی زۆر دروست دەکەن، کەس ناتوانێ وات لێبکات شتێک بکەیت کە خۆت ناتەوێ بیکەیت. بیرت بێت کە تەختەی شانۆی کۆلێژ زۆر لە هی ئامادەیی گەورەترە، ئەمە واتا کۆمەڵێک ڕێگەی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی خۆت بگونجێنیت، ئەگەر لە شوێنێکدا گیرت خوارد ئەوا ڕۆتینەکانی ڕۆژانەت بگۆڕە.

جارێک فێرخوازێک پێی وتم ” بێزار ببوم لەو سەرئێشانەی کە هەموو بەیانیەکی هەینی توشم دەبوو لەبەرئەوەی کە هەموو شەوێکی پێنج شەممان دەچووم بۆ ئاهەنگ، ئەمویست خۆمی لەگەڵ بگونجێنم، وەکو ئەوە وابوو کە ئاهەنگی شەوانی پێنج شەممە تاکە شتێک بێت کە خەڵکی قسەی لەسەر بکەن. ماوەیەک وازم لە چونە دەرەوەکانی شەوانی پێنج شەممە هێنا، بۆم دەرکەوت جیهانێکی تری پڕ لە خەڵک هەیە تا لەگەڵیان دڵخۆشبم بێ ئەوەی لە ڕۆژانی هەینیدا  هەست بە بێتاقەتی بکەم”

بڕیار بدە کە دەتەوێ چ ڕۆڵێک ببینیت و چۆن خۆت لەگەڵ کۆمەڵگە نوێیەکەی کۆلێژدا دەگونجێنی: یەکەم و سەرەکیترین، بڕوا بەوە مەکە کە بە هەمان شێوەی ئامادەیی بێت. تۆ لەسەرەتاوە دەست پێدەکەیتەوە، تۆ پێشتر هەر کەسێ بویت ئیتر گرنگ نیە. باشترین بەشی ئەمە ئەوەیە کەمتر توشی پەستان دەبیت بۆ خۆگونجاندن وە ببە بە کەسێک کە پێشتر نەبویت.

لە کۆلێژ دەبێت تۆ ڕۆڵی خۆت دیاری بکەیت و خۆتی لەگەڵ بگونجێنی. پێش ئەوەی بچیتە کۆلێژ بیر بکەرەوە لەوەی کە تۆ کێیت و چۆنیت. سەیری ئامانجە تاکەکەسی و ئەکادیمییەکانت بکە. بیر لە بەها و بڕواکانت بکەرەوە. بچۆ بۆ کۆلێژ لەگەڵ ئەو پلانەی کە ئەو شتانە لەخۆ دەگرێت پاشان ئارام بگرە. ئەگەر لەگەڵ خۆتدابە ڕاستگۆیی بمێنیتەوە دەبینیت کە ئەوانیتریش لەگەڵ تۆدا نمونەیی دەبن بەو جۆرەی کە تۆ لەگەڵ ئەواندا وایت.

پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆلێژ و چۆنێتی خۆگونجاندن لەگەڵیدا بابەتێکی ئاڵۆزە. تۆ هیچ کات بەتەواوی ئامادە نابیت بۆ ئەو شتانەی کە لەوانەیە بێنە ڕێگەت. پێیدا تێپەڕە و پێشبینی شتە پێشبینی نەکراوەکان بکە و دڵخۆشبە بەوەی کە هەڵە دەکەیت و هەنێ کات توشی سەختی دەبیت. هەرچەندە ئەگەر دەست بکەیت بە پلانەکەت و هەنێ تێگەشتنت بۆ کۆلێژ هەبێ پێش ئەوەی بچیتە زانکۆ ئەوا خێراتر لەگەڵی دەگونجێیت و کاتەکانت خۆشتر بەسەر دەبەیت و تەنانەت پێش چوونە کۆلێژیش هاوڕێی نوێ پەیدا دەکەیت.

پێشنیار دەکەم لەکاتی دانانی پلانەکەت بیر لەم پرسیارانەی خوارەوە بکەیتەوە بۆ دۆزینەوەی شوێنی خۆت لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی کۆلێژ:

١-ئایا ئەو لایەنە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیانە یان ئەو ڕێکخراوە خۆبەخشانەت دەست نیشان کردوە کە دەتەوێ دەربارەیان بزانیت کاتێ چویتە زانکۆ؟ ئایا ئیمەیلت تۆ سارۆکەکانیان ناردوە؟

زۆربەی گروپ و رێکخراوەکان هاوینان بۆنەی تایبەتیان هەیە.

٢-  ئامانجە تاکەکەسی و ئەکادیمییەکانت چین لە کۆلێژ؟ ئەو چالاکییانە چین کە یارمەتیت دەدەن لە بەدەست هێنانی ئامانجەکانتدا؟ ئایا ئەو چالاکیانە لە کۆلێژەکەی تۆ بەردەستن؟

٣- بەها و بیروباوەڕەکانی تۆ کامانەن؟ زۆربەی کات لەگەڵ ناسینی شتی نوێدا دەگۆڕێن بەڵام تۆ بە لیستێک بیان نوسە و پاشان بەشوێن ئەو کەس و چالاکییانەدا  بگەڕێ کە نمونەی بەها و باوەڕەکانی تۆن.

٤- ئەو شتانە چین کە لە قۆناغی ئامادەیی کردوت و زۆر حەزت لێیان بووە؟ ئایا ئەو شتانە لە کۆلێژەکەت هەن؟  ئایا بەدواداچوونت بۆ کردون تا بزانی چۆن بەدەستیان بێنی؟

٥-  قەت سودت لە فەیسبووک وەرگرتوە بۆ دروست کردنی هاڕێیەتی لەگەڵ ئەو فێرخوازانەی کە دێنە هەمان کۆلێژ؟  ئەگەر “نا” هەر ئێستا بچۆ خەت.

٦- تا ئێستا زانیاریت کۆ کردۆتەوە لەسەر ژینگەی دەوروبەری کۆلێژەکەت؟ نابێت تۆ وەکو ڕێژەی نەگۆڕ بمێنیتەوە، بگەڕێ بەشوێن ئەو شوێنانەی کەمپی زانکۆدا کە تێیدا هەست بە ئارامی دەکەیت.

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه

 سەرچاوەى وێنە:  ئيره ببينه

وەرگێڕان: ئاڵا فرج

هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد

ده‌نگ: چرا به ختیار

دیزاین: فێرۆپيديا

دەربارەى Ala Faraj

ئاڵا فرج حسین دەرچوی بەشی ئینگلیزی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتییە لە زانکۆی سلێمانی. پیشەی مامۆستایە. ئەو هەم زمانی ئینگلیزی و هەم پیشەکەی زۆر خۆشدەوێت، چونکە باوەڕی وایە بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندروست بەندە لەسەر پەروەردەیەکی تەندروست. ئامانجی ئاڵا گەیاندنی خزمەتە بە کۆمەڵگاکەی بەگشتی و چینی مامۆستا بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا، وە دڵنیاشە کە لەگەڵ گروپی فێرۆپیدیادا زووتر بەو ئامانجەی دەگات.

لێرەش بگەڕێ

پێنج ئامۆژگاری بۆ بەقسە هێنانی فێرخوازانی زمانی دووەم

دەمویست قسە لەگەڵ کەسێک بکەم. بەڵام کێ؟ ئەمانە وێنای ئەو کاتانەن کە پێوستی زۆرت بە …

Share via
Send this to a friend