تەکنیکى دراما بۆ هاندانی قسەکردن

تەکنیکەکانى دراما کە تەرکیز دەکات لەسەر تێگەیشتن و خستنەڕووى ماناکان لەڕێگەى جوڵەى جەستە و وشەکانەوە، کە زۆر سوودمەندە بۆ وانەى زمانەوانى.

ئەم تەکنیکانە:

  • هاندەرى داهێنانکارییە لە بیرکردنەوەدا.
  • ئەوانەى دوودڵن لە قسە کردن هاندەدرێن.
  • گرنگە بۆ ئەو فێرخوازانەى لە جوڵەى جەستەییەوە فێردەبن .
  • زیادکردنى تێگەیشتن لە زمان وەکو ڕێگایەک بۆ پەیوەندى کردن لەڕێگەى واتاوە .

وشەکان لەڕێگەى نواندن و جوڵەوە (بۆ هەموو ئاستەکان)

ئەمە چالاکییەکە بۆ پێداچوونەوە بەو وشە و زاراوە نوێیانەى کە تازە فێرخوازەکان فێرى بوون. ئەم هەنگاوانە بگرەبەر:

  • فێرخوازەکان دادەنیشن یاخود بەپێوە لە بازنەیەکدا دەبن کە تۆ لە ناوەڕاستدا دەبیت.
  • یەکێک لەو وشانە بڵێ کە لەسەر کاغەزى تێبینى نووسیووتە.
  • داوا لە یەکێک لە فێرخوازەکان بکە دەست بە یارییەکە بکات. ئەو فێرخوازە دێتەناو بازنەکەوە دەست بە نواندن دەکات لەڕێگەى جوڵەى جەستە و دەستەکانییەوە یاخود چەند قسەیەک دەکات کە ڕەنگدانەوەى ماناى ئەو وشەیە بێت. بۆنمونە:

هێواش: زۆر بە هێواشى قسە دەکات یاخود دەستەکانى بە هێواشى دەجوڵێنێت.

ترساو: ڕووخسارى خۆى بەشێوەیەک لێدەکات کە دەترسێت یان دەنگى بەشێوەیەک لێدەکات کە دەرکەوێت ترساوە.

  • دواى ئەوەى یەکەم فێرخواز نواندنه‌کە دەکات پێویستە هەموویان بگەڕێنەوە بۆ بازنەکەى خۆیان. ئینجا هەر فێرخوازێک لە بازنەکەدا دەبێت بێتە ناو بازنەکەوەو ماناى وشەکە بلێت تاوەکو تەواوى گروپەکە نواندن بۆ ئەو وشەیە دەكەن یاخود وشەکە دەڵێن.
  • لەسەر شێوازى سوڕانەوەى میلى کاتژمێر هەموو گروپەکە بەشدارى پێبکە، وشەیەکى نوێ بە هەریەکێک لە فێرخوازەکان بدە و داوایان لێبکە ئەنجامى بدەن. هەوڵبدە بەخێرایى چالاکییەکە ئەنجام بدەن.

گەڕان بەدواى وشەکاندا – نواندن بۆئەوەى پەیامەکەت بگەیەنیت (بۆ هەموو ئاستەکان)

ئەم چالاکییە دەکرێت سوودى هەبێت بۆئەوەى بەشێک لە فێرخوازەکان بخەیتە شوێنى کەسێکى دەرەکى (بیانى) کە دەبێت ماناى  ڕستەیەک بگەیەنێت لەڕێگەى ئەو نواندن و ئاماژە و دەنگانەى ئەنجامى دەدەن بۆ بەشێکى تر لە فێرخوازەکان! ئەم چالاکییە ڕاهێنانێکى کۆمەلایەتى تەکنیکییە. ئەم یارییە دەکرێت بە دوو تیم ئەنجام بدرێت.

  • ژمارەیەک کارت ئامادە بکە. هەریەکێک لە کارتەکان ڕستەیەک یان پرسیارێکى تێدا بنووسە کە کەسە بیانییەکە دەبێت ئەنجامى بدات.
  • داوا لە یەکێک لە فێرخوازەکان بکە کە بێتە بەردەمت و یەکێک لە کارتەکان هەڵگرێت. پێویستە بەتەواوى لەو ڕستەیە تێبگەن و بتوانن ئەو رستەیە لەتەواوى پۆلەکە بگەیەنن. ڕێگەیان پێنادرێت کە هیچ وشەیەک بڵێن بەڵام دەتوانن دەنگى خۆیان بگۆڕن بۆئەوەى کاردانەوەى ماناکە ئاشکرا بکەن ئەگەر پێویست بکات.
  • پێشنیاز بۆ فێرخوازەکان بکە بۆ شێوازى ڕستەکانیان..
  • دەتوانیت ڕستەى لەمشێوەیە بەکاربهێنێت: من تینوومە/ ناکرێت لێرە جگەرە بکێشیت/ نزیکترین تەلەفۆن لەکوێیە؟ /هیچ گۆڕانکارییەک ئەنجام دەدەیت لەم تێبینییەدا؟/ ئامێرەکە چۆن کاردەکات؟/ نزیکترین نەخۆشخانە لەکوێیە؟/ دەتوانى هەندێ شەکرم بدەیتێ بۆ قاوەکەم؟/ ئێرە ڕیزبەندى تکتى پاسە؟/ میوزیکەکەت بێزارم دەکات، تکایە دەنگەکەى کەم بکە.
  • لەکاتێکدا خوێندکارەکان ئاستیان بەرزتر بێت دەتوانیت لەدواتردا گفتوگۆ لەبارەى ئەوەوە بکەیت کە چۆن خەڵکى مامەڵە لەگەڵ خەڵکانى بیانیدا دەکەن لەکاتێکدا زمانەکانیان نازانن. ئایا خەڵکى بەسەر بیانییەکاندا هاوار دەکەن؟ ئایا ئاستى دەنگ گۆڕانکارى دروست دەکات لە شێوازى تێگەیشتندا؟

پیشاندانى ڤیدیۆیەک نواندن بۆ ناسینەوەى کاراکتەرەکان (بۆ هەموو ئاستەکان)

ڤیدیۆیەکى کورت پیشانى فێرخوازەکان بدە کە بارودۆخێک بخاتەڕوو. دەکرێت بارودۆخێکى کۆمەلایەتى، یان گفتوگۆیەک بێت لە شوێنێکى گشتیدا بۆنمونە لە هۆتێل یان فڕۆکەخانەیەک بێت. ئەو ڤیدیۆیە دەکرێت دوو کاراکتەر یان سێ کاراکتەرى تێدابێت. دەکرێت گفتوگۆى هەر یەکێکیان چەند رستەیەکى کورت بێت.

  • فێرخوازەکان تەماشاى ڤیدیۆکە دەکەن و بە وردى سەرنج لە کاراکتەرەکان و جوڵەکانیان دەدەن.
  • داوایان لێبکە کە سەرنج لە یەکێک لە کاراکتەرەکان بدەن یاخود هەر یەکێکیان و سەرنجى لەسەر یەکێک لە کاراکتەرەکان بێت.
  • پێویستە فێرخوازەکان دووبارە تەماشاى ڤیدیۆکە بکەن بەڵام هەوڵبدەن کە نواندن بۆ جوڵەکانى کەسایەتییەکە بکەن. کە دەبێت هەمان جوڵەى جەستەیان هەبێت و ڕووخساریان بەهەمانشێوە دەربکەوێت و لێوەکانیان بەهەمانشێوە بجوڵێنن. دەکرێت ئەو چالاکییە دابەش بکەیت بۆ چەند بەشێکى جیاواز لەسەرەتادا جوڵەى جەستە و دواتر لە بینینى دووەمدا جوڵەى لێوەکان. خۆشت ئەو تەکنیکە ئەنجام بدە.
  • ڤیدیۆکە بە دەنگەوە پیشانى خوێندکارەکان بدە بەڵام بە فێرخوازەکان بڵێ کە نواندنى جوڵەکان بکەنەوەو لاسایى وشەکان بکەنەوە بەبێ ئەوەى وشەکان بڵێن.
  • فێرخوازەکان بکە بە گروپى دوو کەسى یاخود گروپى بچووک و داوایان لێبکە کە دووبارە هەمان دۆخى ناو ڤیدیۆکە دووبارە بکەنەوە بەڵام ئەمجارە بە دەنگەوە. داوایان لێبکە و پێیان بڵێ کە وەکو ئەو کاراکتەرە بکەن لەناو ڤیدیۆکەدا هەیە.

ئەگەر ئاستى فێرخوازەکان لە ئاستێکى بەرزدا بوو ئەوا دەتوانن گفتوگۆ بکەن لەبارەى ئەوەى کە شێوازى دەرکەوتنى ڕووخسار و زمانى جەستە چەندە گرنگە. دەکرێت هەندێ کەس وەکو کەسێکى بیانى دەرکەوێت لەڕێگەى جوڵەى دەم و لێو و ئاماژەکانى جەستەیەوە. دووبارە کردنەوەى جوڵەى ئەو کەسانەى زمانى دایک بەکاردەهێنن وادەکات کە زمانێکى پاراوترت هەبێت و لە کەسێکى نەیتڤ بچيت.

سەرچاوەى بابەت:  ئيره ببينه 

سەرچاوەى وێنە: ئيره ببينه

وەرگێڕ: كۆشان على زەمانى

هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد

ده‌نگ: چرا به ختیار 

ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Feropedia

فێرۆپيديا پڕۆژەيەكى په‌روه‌رده‌يى كوردييە كە ئامانجى مامۆستايان و كەسانى پەروەردەيى و بەڕێوبەرو پلاندانەر ودايك و باوكانە بە تايبەتى. به‌گشتيش قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەيى و زانكۆو پەيمانگاكانە. بيرۆكەى پڕۆژەكە لەلايەن گروپێك لە مامۆستايانى دەرچووى زانكۆو خاوەن بڕوانامەى باڵاو توێژەرانى بوارى پەروەردە و وانە ووتنەوەو ڕاهێنەرى مامۆستايان لە ناوو و دەرەوەى كوردستان داڕێژراوە. ئەم دەستەيه‌ ئيش لەسەر وەرگێڕانى بابەت و توێژينەوە پەروەردەيى و دەركراوە ئەكاديمى و ڤيديۆ پەروەردەييەكان دەكات بۆ زمانى كوردى لە پێناو خستنەڕوويان بۆ خوێنەرانى كورد بە شێوەيەكى ئاسان و بينراو و بيستراو.

لێرەش بگەڕێ

چۆن قوتابییە سەرەتاییەکانمان فێری سەلامەتی ئینتەرنێت بکەین

وانەیەکی داڕیژراو کە یارمەتی قوتابیەکان و منداڵانی باخچەی ساوایان بدات بۆئەوەی فێرببن کەچۆن سەلامەتبن لەسەر هێڵی ئینتەرنێت.

Share via