دەستبکە بە قسەکردن: شەش یارى ناوازە بۆ ئەوەی خوێندکارەکانت بهێنیتە قسەکردن

زۆربەى مامۆستایانى ووتنەوەی زمانى ئینگلیزى کێشەى ئەوەیان هەیە کە قوتابییەکانیان ئاخێوەرى شەرمنن یان دوودڵن لە بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی ناو پۆلدا. کە ئەمەش شتێکی ئاساییە. ئەوەشمان بیرنەچێت، ئەوان هەوڵدەدەن بە زمانێک بدوێن کە هێشتا لە پرۆسەى فێربوونیدان. سەرەڕای هەموو ئەمانە، دەکرێت بێدەنگی زۆر ترسناک بێت لە پۆلى فێربوونى زمانی ئینگلیزیدا بۆ خۆت و خوێندکارەکانیشت. کاتێک دەتەوێت خویندکارەکانت بهێنیتە قسەکردن،  یەکێک لەم یارییە خۆش و ئاسانانە بەکاربهێنە بۆ ئەوەی دەستبکەن بە قسەکردن.     

ئەم ٦ یارییە بەچێژە تاقیبکەرەوە بۆ ئەوەی خوێندکارەکانت قسەبکەن

١. ئێمە بەم شێوازە هەڵیدەدەین

دەتوانیت ئەم یارییە ئاسانە وەک یارییەکی یەکترناسین بەکاربهێنیت لە دەستپێکى ساڵى نوێی خوێندن یان وەکو چالاکییەکی زیاتر یەکترناسین لە کاتێکی دواتری ساڵەکەدا. تەنها پیویستیت بە زارێکى ستاندارد و شەش پرسیاردەبێت – پرسیارەکانیش دەکرێت یان ئایس برەیکەر بن  یان ئەو جۆرە پرسیارانە بن کە بۆ وەرگرتنی  ڕا و بۆچوون، ئەزموون یان بیرۆکەی تری تایبەتین. داهێنەر بە و ئەو پرسیارانە هەڵبژێرە کە خۆت حەزدەکەى خوێندکارەکانت وەڵامیان بدەنەوە. لیستێکی پرسیارەکان بدە بە خویندکارەکان  و دڵنیابە لەوەی کە پرسیارەکانی سەر پەڕەکە ژمارەیان لە یەک بۆ شەش لەسەر دانراوە. پاشان، خوێندکارەکان بە نۆرە زارەکە هەڵدەدەن. ژمارەی هەر پرسیارێکیان بۆ دەربچێت، ئەوا دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە. دەتوانیت ئەم چالاکییە  لەسەر شێوازی هەموو پۆلەکە پێکەوە، یان لەسەر شێوازی گروپى بچوکتر، یان وەکو چالاکى بەتەنها قسەکردن لەبەردەم خویندکارەکانی تردا ئەنجام بدەیت. بۆ ئەمەی دواتریان،  بە خوێندکارەکان بڵێ کە وەکو ئەرکی ماڵەوە وەڵامەکانیان بۆ هەر پرسیارێک ئامادەبکەن و دواتر پاش هەڵدانی زارەکە لەبەردەم هاوپۆلەکانیاندا، وەڵامەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.

٢. بینگۆی ئەزمونی مرۆڤ

لەوانەیە خوێندکارەکانت پێشتر ئاشنای یاساکانى بینگۆ بن. زۆر بە سادەیی، لەسەر خشتەیەک، پێنج ژمارە هەڵبژێرە لە ڕیزێکدا. دەتوانیت ئەمە وەکو بنچینەیەکیش بۆ یارییەکی دیکەی یەکترناسین بەکاربهێنیت. لەگەڵ پۆلەکەتدا کاربکە لەسەر کۆکردنەوەى لیستێکی ئەزمونەکان کە لەوانەیە کەسێک ئەزمونی کردبێت. بۆ نمونە ئەکرێت ژێرئاویی کردن، دروستکردنی کێکی لەدایکبوون یان سوشی خواردن هەموو نمونەی ئەزمونی باش بن. بەیەکەوە کار لەسەر لیستەکە بکەن هەتاوەکو ٣٠ -٤٠ ئەزمونى جیاواز کۆدەکەنەوە. (و هەروەها گەر پێشت خۆشبێت دەتوانیت خۆت بە تەنها لیستێک کۆبکەیتەوە). پاشان، بۆردێکی  بینگۆی بەتاڵ(خشتەیەکی ٥*٥) بدە بە  خوێندکارەکان و پێیان بڵێ لە هەریەک لە چوارگۆشەکاندا ئەزمونێک بنوسن. بە ڕێنمایی تۆ، خوێندکارەکان تیکەڵ دەبن و قسە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن بۆ دۆزینەوەى کەسێک بۆ هەر یەکێک لەو ئەزمونانەی کە هەڵیانبژاردوون. ئەگەر خوێندکارێک کەسێکى دۆزییەوە، کە بۆ نمونە، ژێرئاویی کردبێت، ئەوا ئەو کەسە هەمان ئەو چوارگۆشەیە نیشانە دەکات کە خوێندکارەکەی دیکە لەسەر بۆردی بینگۆکەی ئەزمونی ژێرئاویی تێدا نوسیوەتەوە. یەکەم خوێندکار کە پێنج کەس بۆ پێنج ئەزمون لە هەمان ڕیزدا بدۆزێتەوە بە دەنگی بەرز دەڵێت، “بینگۆ!” . شێوازێکى دیکەی کردنی ئەم یارییە ڕێکخستنی خوێندکارەکانە لەسەر شێوازی “سپید دەیتین”:  دوو ڕیز کورسى لە بەرامبەر یەکتر دادەنرێن. پاشان، هەر جووتە خوێندکارێک دوو خولەکیان پێدەدرێت بۆ ئەوەى قسە لەگەڵ یەکتریدا بکەن. کاتێک کاتەکە تەواو دەبێت، خوێندکارەکانی هەمان ڕیز کورسییەک دەچنە لای ڕاست. یارییەکە ئەو کات تەواو دەبێت کە کەسێک  پێنچ بۆشایى لە هەمان ڕیزدا لەسەر بۆردى بینگۆکەى نیشانە بکات.

٣. چەرخی خاسیەتەکانی کەسایەتى

ئەم یارییە بۆ ئەو خوێندکارانە بەکاردێت کە زۆر بە باشی یەکتری دەناسن. خۆت و خویندکارەکانت بە شێوەی بەکۆمەڵ کار بکەن لەسەر ئامادەکردنی لیستێک لە ئەو خاسیەتە جیاوازانەی کەسایەتی کە لەوانەیە کەسێک هەیبێت. (هەوڵبدەن خاسیەتە ئەرێنییەکان بنوسن.) دەتوانن خاسیەتی وەکو سەرکەش، دڵسۆز، و بەخشندە بنوسن. پاشان ئەو خاسیەتانە لەسەر چەند  پارچە کاغەزێکى بچوک بنوسە و لەناو توورەکەیەک دایانبنێ. هەرکەسەو لە نۆرەی خۆیدا یەک خاسیەتی کەسایەتی ناو توورەکەکە ڕادەکێشێ لەبەردەم هاوپۆلەکانیدا. دواتر پێویستە قوتابییەکان ناوی کەسێک بڵێن لە پۆلەکەدا ( و بەدڵنیاییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەش دەبیتەوە) کە ئەو خاسیەتەی هەیە. بێگومان،  تەنها ناو بەس نیە. پێویستە ئەو کەسە چیڕۆکێک بگێڕێتەوە یان نمونەیەک بهێنێتەوە بۆ ڕونکردنەوەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو کەسە بە دیاریکراوی.

٤. یاریی پەتاتەی گەرم

لیستی ئەو ووشە و ڕستانەی کە دەکرێت چیرۆکیان لەسەر بنیات بنرێت بخەرە چەکمەجەی مێزەکەتەوە بۆ ئەوەی بەم یارییە سادە و خێرایە بە بەردێک دوو نیشانە بپێکیت. خوێندکارەکان بە گروپى بچووکى پێنچ کەسى  یاریدەکەن. پێویستە خوێندکارەکان بەشێوە بازنەیی کورسییەکانیان ڕێکبخەن. لە سەرەتای یارییەکەدا، ووشەیەک یان ڕستەیەک کە ئەکرێت چیرۆکی لەسەر بنیات بنرێت بدە بە پۆلەکەت. لەو کەسەوە دەستپێبکە کە ڕۆژى لە دایکبونى نزیکترینە لە ئەمڕۆوە و دواتر بەدەوری بازنەکەدا بڕۆ، هەر کەسێک ڕستەیەک بۆ چیرۆکەکە زیاددەکات و دەیدات بە گروپەکەی. پاش ئەوەى کەسێک ڕستەیەک دەڵێت، ئەو کەسەى لەلاى چەپیەوە دانیشتووە ڕستەیەک زیاد دەکات لە پاش ئەو ڕستەیەی کە کەسی یەکەم تیایدا وەستا. خوێندکارەکان بە شێوەى بازنەیى بەردەوامدەبن،  هەر جارەو ڕستەیەک زیاددەکەن، هەتاوەکو مۆسیقاکە دەوەستێت یان خۆت نیشانەیەکی تریان دەدەیتێ بۆ ئاگادارکردنەوە. هەرکەسێک لە کاتی وەستانی مۆسیقاکەدا لە ناوەڕاستى ڕستەکەیدا بێت یان هێشتا خەریکی  بیرکردنەوە بێت لە ڕستەیەک، لە یارییەکە دەچێتە دەرەوە. و پێویستە بازنەکە بەجێبهێڵێت. پاشان خوێندکارەکان لە خولی دووەمدا لەسەر هەمان چیڕۆک یان لەسەر بناغەی چیرۆکێکی نوێ بەردەوامدەبن لە یاریکردن. کاتێک مۆسیقاکە دەوەستێنیت، نۆرەى هەر کەسێکیان بێت لەو کاتەدا، لە یارییەکە لادەبرێت. یارییەکە بەردەوامدەبێت هەتاوەکو کۆتا خول کۆتایی دێت بەوەی کە ئەو کەسەی لە کاتی وەستانی مۆسیقاکەدا قسەناکات دەبێت بە براوە.

٥. هاوبەشەکەت بدۆزەرەوە

پارچە کاغەزێکى بچوک بۆ هەر یەک لە خوێندکارەکانى پۆلەکەت ئامادە بکە. هەر کاغەزێک پێویستە ووشەیەکى لەسەر نوسرابێت کە لەگەڵ ووشەی سەر پارچە کاغەزێکى تر بگونجێت. بۆ نمونە، چەقۆ و چەتاڵ، شەو و ڕۆژ، تۆپ و ڕاکێت، یان مێز و کورسى ئەو ووشانەن کە بەیەکەوە دەگونجێن. کاغەزەکان قەد بکە و بیانکەرە ناو کڵاوێکەوە. پاشان هەر کەسێک پارچە کاغەزێک هەڵدەگرێت. بە ڕێنمایی تۆ، خوێندکارەکان دەبێت بجوڵێن و قسە لەگەڵ یەکتریدا بکەن بۆ ئەوەى هاوبەشەکانیان بدۆزنەوە. هەر کاتێک دووان لە خوێندکارەکان پێیان وابوو هاوبەشى یەکترن، دێن بۆ لاى تۆ بۆ ئەوەى بزانن ڕاستن یان نا. ئەگەر ڕاستبن، ئەوا دادەنیشن. یاریبکەن هەتا ئەو کاتەى هەمووان هاوبەشى خۆیان دەدۆزنەوە. پاشان بەو هاوبەشانە بڵێ بەیەکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی جووتە ووشەى نوێ کە لەگەڵ یەکدا بگونجێن. و یارییەکە بەم نمونانەی خویندکارەکان خۆیان دووبارە بکەرەوە.

٦. بیشارەوە و قسەبکە

بۆ ئامادەکردنى ئەم یارییە خێرا و پڕ ووزەیە، کۆمەڵێک پرسیار ئامادەبکە و هەریەکەیان لەسەر کارتێکی ئیندێکس یان تێبینی بنوسەرەوە. دەکرێت ئەم پرسیارانە پرسیارى یەکتر ناسین، ئەو پرسیارانەی کە پێویستیان بە تێگەشتنە،  و یان جۆرە پرسیارێک بێت ئەو ووشە نوێیانە لەخۆبگرێت کە تازە خوێنراون. پێش ئەوەى خوێندکارەکانت بێنە پۆل، ئەم کارتانە لە شوێنی جیاواز جیاوازی پۆلەکەدا بشارەوە. لە دەستپێکى وانەکەدا، خوێندکارەکانت بکە بە دوو گروپ. پێیان بڵێ کە کۆمەڵێک کارتت لە ژوورەکەدا شاردۆتەوە. بە ڕێنمایی تۆ، خوێندکارەکان بە ژوورەکەدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی کارتە شاردراوەکان. دەتوانن هەرجارەو تەنها یەک کارت هەڵبگرن. کاتێک خوێندکارێک کارتێک دەدۆزێتەوە، دەبێت بیهێنێت بۆ لای تۆ و وەڵامی پرسیاری سەر کارتەکە بداتەوە. ئەگەر بە ڕاستی وەڵامی دایەوە، خۆی و گروپەکەی دەبنە خاوەنی ئەو کارتە. ئەگەر بە ڕاستى وەڵامى نەدایەوە، دەبێت کەسێک لە گروپەکەى بێنێت بۆ ئەوەی یارمەتیبدات لە دۆزینەوەی وەڵامە ڕاستەکە. کاتێک خوێندکارەکان بە ڕاستی وەڵامی پرسیاری سەر کارتەکەیان دایەوە، دەتوانن بەدواى کارتێکى دیکەدا بگەڕێن. لە کۆتایی یارییەکەدا ( لە پاش کاتێکى دیاریکراو یان ئەو کاتەى هەموو کارتەکان دۆزراونەتەوە) ئەو گروپەى کە خاوەنی زۆرترین کارتە دەبێتە براوە.

لە پۆلەکانی ووتنەوەی زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم، نابێت قسەکردن وەڕسکەر یان بە زۆر بێت. ئەم یارییانە تەنها چەند نمونەیەکی کەمن لەو ڕێگا بەچێژانەی کە وا لە خوێندکاران دەکات قسەبکەن و کاتێکی خۆش بەسەربەرن لە کاتی بەکارهێنانی ئینگلیزییەکەیاندا.

 

سەرچاوەى بابەت: ئيره ببينه

سەرچاوەى وێنە: ئيره ببينه 

ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: هونەر ئیسماعیل کەریم

هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم محمود

دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Hunar Ismael Kareem

هونەر دەرچوى بەشى زمانى ئینگلیزییە لە کۆلێژى پەروەردە / زانکۆى سەڵاحەددین، هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لەهەمان بەش. ماوەى سێ ساڵە وەکو مامۆستایەکى زمانى ئینگلیزى وانەدەڵێتەوە لە پەیمانگا و سەنتەرەکانى ناحکومى هەولێر. پێشتر کارى کتێبفرۆشى وەهەروەها وەرگێڕی لەگەڵ هێزەبیانییەکان کردووە. خولێکى ئامادەکارى بۆ کۆرسى CELTA وەرگرتووە کە تیایدا بیرى فێرکردنى گۆڕاوە. پێى وایە مامۆستاکان دەبێت بەردەوام بن لە فێربوون، وە هەمیشە بەدوایى ڕێگا و تەکنیکى تازەدا بگەڕێن بۆ وانەوتنەوە. ئێستا مامۆستایە لە پەیمانگایى نێودەوڵەتى کۆلینز، پەیمانگاى کۆنان، وە پەیمانگاى ماد.

لێرەش بگەڕێ

ئایا ئەركی ماڵەوە بەسوودە؟ ئەو پێنج پرسیارەی کە پێویستە هەموو مامۆستایەک لە خۆی بکات

مامۆستایان هەموو ڕۆژێک مامەڵە لەگەڵ ئەركی ماڵەوەدا دەكەن، بەڵام ئایا بەڕاستی دەزانیت چۆن ئەرکی ماڵەوە بەکاربهێنیت. ئەمانەی خوارەوە ئەو پێنج پرسیارەن کە پێویستە بزانیت لەبارەیانەوە

Share via
Send this to a friend