Credit: ©Shutterstock.com/Syda Productions

ستراتیژە بنیادنراوەکان لەسەر بنەمای مێشک بۆ کەمکردنەوەی فشاری تاقیکردنەوە

ئێمە لە جیهانێکی فشار دروستکەردا دەژین، و فشاریش لای خوێندکاران و فێرکاران بەرز دەبێتەوە لە کاتی ئامادەکاریدا بۆ تاقیکردنەوە گرنگەکان. دەکرێت دەرئەنجامی ئەم فشار دروستکەرانەش گەورەبن کاتێک نمرەکانی تاقیکردنەوە بە سەرمایەی خوێندن، هەڵسەنگاندنەکانی مامۆستا، و دامەزراندنی داهاتووی خوێندکارانەوە دەبەسترێنەوە.

لە سۆنگەی دەمارییەوە، فشاری بەرز سووڕی فێربوونی دەمار تێکدەدات و بنیادنان، هەڵگرتن، و گەڕانەوەی یادگە کەم دەکاتەوە. توێژینەوەیەک دەربارەی تیشکگرتنی مێشک ئەوەمان پشان دەدات کە کاتێک فشارەکان بەرزن، مێشکەکان بە باشی کار ناکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێگەشتن و یادگە. سەرەڕای ئەوەش، فشار کرداری بیرهاتنەوەی زانیاری لە تۆڕەکانی یادگەدا کەم دەکاتەوە، بۆیە ئەو خوێندکارانەی لەژێر فشاردان بەلایانەوە سەختترە ئەو زانیارییانەیان بیربکەوێتەوە کە پێشتر خوێندوویانە یاخود فێری بوون.

زۆرجار خوێندکاران (و باوانیان) بەدەستهێنانی نمرەکانی خوار ئاستی پێوانەیی لە تاقیکردنەوە نیشتیمانییەکاندا وەک پێوەرێک بۆ سنوورداریی زیرەکی و توانای خوێندکاران لێکدەدەنەوە. ئەنجامەکەی لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون، و زیاتر چالاککردنی کاردانەوەی مێشکیانە بۆ فشار، ئەمە وادەکات خوێندکاران بەلایانەوە سەختتر بێت کە خۆیان توانای مێشکیی و زانیارییەکانیان بەکاربخەن لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا.

فێربوونی قووڵتر باشترین ئامادەکارییە بۆ تاقیکردنەوە

کاتێک ئامانجی فێربوون تەنها ئامادەکارییە بۆ تاقیکردنەوە واتە تەنها دەرخکردن بەمەبەستی هێنانی نمرەی پێوانەیی و سەروو پێوانەیی، خوێندکاران ئامادە نابن فێربوونەکەیان لەسەر پرسیارە نوێکان یاخود کێشەکان جێبەجێ بکەن. بەڵام خەریککردنی خوێندکاران بەو ئەرکە ڕاستەقینانەی کە پێویستیان بە نواندن و فێربوون لەسەر بنەمای پڕۆژەیە، یارمەتی قووڵکردنی تێگەشتنیان دەدات لەسەر هەردوو ئاستی ڕاستی و خەیاڵی. سەرەڕای ئەوەش، کاتێک خوێندکاران ئەزموونی فێربوونیان بە شێوەیەکی کەسی بەلاوە مانادارە، هاندەرە ناوەکییەکانیان تۆڕەکانی یادگەی درێژخایەن بەهێز دەکەن. ئەم تۆڕانەی یادگەی درێژخایەنیش زیاتر بەردەستن بۆ بیرهاتنەوە لەکاتی تاقیکردنەوەدا (و بەردەستن بۆ ماوەیەکی درێژتر) وەک لەو دەزگانەی یادگە کە پەیوەستن بە دەرخکردنەوە.

ئەمانە چەند نموونەیەکن لەسەر ئەزموونە تایبەتییەکانی فێربوونی پەیوەندیدار کە دەتوانێت یارمەتی خوێندکاران بدات لە ئامادەکاری تاقیکردنەوەدا:

  • “نەخشەی هەڕەمی خواردنی خۆت لەسەر بنەمای حەز و پێداویستییە خۆراکییەکانی جەستە بکێشە.”
  • “تۆ شاژنە ئیزابێلایت، و ڕۆژانە لە لایەن کریستۆفەر کؤڵەمبەسەوە دەقی نوێت بەدەست دەگات. وەڵامی بدەرەوە بە قسەکردن لەبارەی نیگەرانییەکانت و پێداچوونەوەکانت سەبارەت بە سوود وەرگرتنەکانی لە جیهانی نوێ.”
  • “ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ سەدەی ١٤، چی چارەسەرێکی زانستییانەی سەردەمی ئێستا لەگەڵ خۆت دەبەیت بۆ سنوردارکردنی وێرانکارییەکانی تاعونەکەی ئەو کاتە کە بە ” مەرگی ڕەش” ناسراوە؟”

کاتێک ئەزموونەکانی فێربوون بەشێوەیەکی کەسیی پەیوەندیدار بوون، مێشک توانای ئەوەی دەبێت کە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم بیرەوەرییانە هەڵبگرێت و وایان لێبکات ئاسانتر بەبیردا بێنەوە. 

تێڕوانینی ئەرێنییانەی خویندکارەکان بنیاد بنێ

لە کاتی ئامادەکاریی تاقیکردنەوەدا، دەتوانیت یارمەتیدەر بیت لە کەمکردنەوەی هەندێک لە فشار بەوەی هەندێک تێڕوانین بە خوێندکارەکان بدەیت. پێش تاقیکردنەوەکە، باسی ئەو هەڵە باوانە بکە کە ساڵانی پێشوو لەلایەن خوێندکارە یەکەمەکانەوە کراون (نەک بە ناوهێنان، بەڵکو بە ڕوونکردنەوەی ‌هەڵەکە). ئەمەش تەنها لەوەدا یارمەتیدەریان نابێت بۆ ئەو هەڵانە بگەڕێن کە ئەگەری کردنیان زۆرە بەڵکو متمانە بەخۆبوونیشیان بەهێز دەکات. دەتوانیت باسی چیرۆکی ئەکادیمی یاخود پیشەیی دواتری “ئەو خوێندکارانەی کە پێشوترهەڵەکانیان کردووە” بکەیت، بۆ ئەوەی پشانی بدەیت کە ئەم تاقیکردنەوانە گرنگترین بەش و کۆتا بەشی ژیانیان نین.

 

زۆر بەکارهێنانی هەڵسەنگاندنی بە گروپ بۆ فێربوون

ڕێگایەکی دیکە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەیت کە تێروانینێکی بەهێز بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بنیاد بنێن ئەوەیە کە ڕێنیشاندەریان بیت بۆ گەڕان بەدوای باوترین جۆری ئەو هەڵانەی کە زۆرترین جار دووبارەیان کردونەتەوە و نوسینەوەیان لەسەر لیستێکی بیرخەرەوە.

لە کۆتاییدا، دەتوانیت دڵەڕاوکێی خوێندکاران کەم بکەیتەوە و کارامەییان بنیاد بنێیت بە زیادکردنی تێگەشتنیان لە سنورداریی هەر تاقیکردنەوەیەک و لە هەمان کاتدا کارکردن لەسەر هەمیشە بەئاگابوونیان لەو زانیارییانەی کە دەیزانن. ئەمانە هەندێک بابەتی گفتوگۆن بۆ ئەوەی تێڕوانینی ئەرێنی خوێندکارانی دەربارەی تاقیکردنەوە پێ بنیاد بنێیت:

  • “هیچ تاقیکردنەوەیەک بەتەنها ئاستی زانینت دەرناخات. تۆ زیاتر دەزانیت لەوەی کە هەر تاقیکردنەوەیەکی دیاریکراو بە نمرە دەیپێوێت. یەک تاقیکردنەوە تەنها پێوانەی ئەوە دەکات کە تۆ چەندت بیردێتەوە لەسەر چەند پرسیارێکی دیاریکراوی هەڵبژێردراو بۆ تاقیکردنەوەکە.”
  • با ڕەچاوی هەموو ئەو شتانە بکەین کە تۆ ئەنجامتداون- درێژەی کارەکانت، ئەرکی ماڵەوە، ڕاپۆرتەکان، پڕۆژە بە کۆمەڵەکان، تاقیکردنەوە لەناکاوەکان، و تێبینییەکان- کە دەریدەخەن چی دەزانیت لەم بەشەدا.
  • مێشکت ئەوپەڕی هەوڵی خۆی نادات کاتێک کە زۆر فشارت لەسەرە بەهۆی ئەو تاقیکردنەوەیەی کە ئەنجامی دەدەیت. با باسی ئەو کاتانە بکەین کە هەستت بە شڵەژانێکی زۆر کرد دەربارەی تاقیکردنەوەیەک، و هەڵەی کەمتەرخەمانەت کرد یاخود نەتتوانی ئەو شتانەت بیر بێتەوە کە بەباشی خوێندبوتن.”

ڕێنماییەکانی ڕۆژی تاقیکردنەوە

لەگەڵ خوێندکارەکان نەریتەکانی ئارامکردنەوە ئەنجام بدە ( بە نموونە: ستراتیژەکانی ووریابوونەوە، هەناسەدانی ئارامکەرەوە، وێنا کردنە لەناوبەرەکانی فشار) بۆ ئەوەی ئەمانە بە ئاسانی بەردەست بن بۆیان و دەستبەجێ جێبەجێیان بکەن کاتێک هەست بە فشار دەکەن لە پێش یاخود لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا.

١. نووکتەیەک یاخود سەرگوزەشتەی تایبەت لەسەر ئەزموونەکانی تاقیکردنەوەی خۆت بگێڕەرەوە. گاڵتەوگەپ دۆپامین دەردەدات، دۆپامین ماددەیەکی کیمیایی ناو مێشکە کە فشار کەمدەکاتەوە و یادگە و هەوڵی هاندراو زیاد دەکات.

٢. بیری خوێندکارەکان بخەرەوە کە هەڵە باوەکانیان و چۆنیەتی ڕاستکردنەوەیان بیرخۆیان بهێننەوە، بۆ ئەوەی دووبارە نەکەونەوە ناوی لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا. ئەم جۆرە هەڵانە لەوانەیە ئەمانە بگرێتەوە: خێرا هەڵبژاردنی وەڵامێک بە بێ پێداچوونەوەی هەموو بژاردەکان، بە ووریایی تەماشانەکردنی ئەوەی لە پرسیارەکەدا داواکراوە، بەکارنەهێنانی خەمڵاندن بۆ زانینی ئەوەی ئاخۆ وەڵامێکی بیرکاری بەجێیە، و لەبیرکردنی ئەوەی کە دڵنیابن ئەو ژمارەیەی وەڵامەکەی نیشانە دەکەن هاوتابێت لەگەڵ ژمارەی پرسیارەکە.

٣. هانی خوێندکارەکان بدە کە لەسەر پەڕەیەکی کۆن “جانتای مێشک” دروست بکەن. خوێندکارەکان فشار کەم دەکەنەوە و گێڕانەوەی یادگە زیاد دەکەن، ئەگەر تاقیکردنەوەکە بە نووسینی گرنگترین خاڵەکان، هاوکێشەکان، ئەو ووشانەی کە لە پاش و پێشخستنی ووشەی تر پێکدێن، ڕێساکان، یاخود زانیاری دیکە کە ئەوان پێیان وایە بۆ تاقیکردنەوەکە پێویستیان دەبێت، لەسەر پەڕەی کۆن دەستپێبکەن. تواناکانی بیرهاتنەوەیان زیاد دەکات کاتێک هەوڵ نادەن ئەو زانیارییە گرنگانە لە یادگەی کارادا ڕابگرن بە درێژایی تاقیکردنەوەکە.

٤. هانیان بدە وێنای سەرکەوتنی خۆیان لە تاقیکردنەوەدا بکەن. هەروەک چۆن وێناکردنی لێدانێکی تێنس یاخود تۆپی پێ بزوێنەری ڕەخنەگرانەی تۆڕەکانی مێشک چالاک دەکات، وێناکردنەکانیان متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات، فشار کەمدەکاتەوە، و ئەو سووڕانەی یادگە کە بەدڵنیاییەوە دەیانەوێت بەکاری بهێنن پێش وەخت گەرم دەکات.

 ٥.  ئامۆژگارییەکانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیان بۆ دووپات بکەرەوە کە پێشتر باستکردبوو بۆیان. بە نموونە، بە خوێندکارەکان بڵێ ئەگەر وەڵامێک نازانن، پێویستە بچنە سەر پرسیاری داهاتوو- ڕەنگە ئەو زانیارییە بدۆزنەوە کە دەبێتە هۆی ووروژاندنی بیرەوەری  پەیوەندیدار بە پرسیارەکانی ترەوە.

کاتێک ڕێبەری خوێندکارەکان دەکەیت بە کۆمەڵە ستراتیژێک بۆ کەمکردنەوەی فشاری تاقیکردنەوە، ئەوا هەروەها یارمەتیان دەدەیت لە بنیادنانی خۆگونجاندنی دەروونی لەگەڵ بارودۆخە فشار دروستکەرەکاندا، فێربوون بەشێوەیەکی کاریگەر، و چالاککردنی بەرزترین ئاستی زانینیان، هاوکات لەگەڵ هاندانیان بۆ سەرکەوتن لە چالاککردنی باشترین سەرچاوەکانی مێشکیان لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا.

سەرچاوەی بابەت: ئێره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئێره ببينه

ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: شۆخان محمد هادی

هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود

دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا

 

دەربارەى Shokhan Mohammed Hadi

شۆخان محمد هادی هەڵگری دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانکۆی سلێمانی. ئەزموونی کارکردنم لە خوێندنگا ناحکومی و پەیمانگاکانی فێرکردنی زماندا هەیە. باوەڕم بە گرنگی پەروەردە و ڕۆلی گەورەی مامۆستا هەیە. بۆیە پێم وایە پێویستە مامۆستا ئامادە بکرێت پاشان بنێردرێتە پۆلەکانی خوێندن؛ بۆ ئەمەش بە پلەی یەکەم هەوڵ و پەرۆشیی مامۆستا بۆ پیشەکەی خۆی، پاشان سیستمێکی پەروەردەیی پێشکەوتوو پێویستە کە بەردوام لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی مامۆستاو پشتگیریکردنیدا بێت. بەڵام نەبوونی سیستمێکی لەو شێوەیە هەرگیز ئاستەنگ نیە لەبەردەم خوێندنەوەو هەوڵی خۆ بەرەرەو پێشبردنی بەردەوام لە لایەن مامۆستا خۆیەوە؛ چوونکە پێم وایە مامۆستا بەرپرسی یەکەمە لە گەیاندنی زانیاری بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و لەبیر نەکراو. لە ئێستادا خوێندکاری ماستەرم لە (ئەدەبی جیهانی) لە ووڵاتی مالیزیا.

لێرەش بگەڕێ

کام جۆرە لە ئەزموونەکانی دەنگ وا لە منداڵان دەکات بە باشترین شێوە فێربن؟

نینا کراوس کە زیندەوەرزانە لە زانکۆی نۆرس وێسترن (Northwestern) زۆرترین کاتی لە ژیانی پسپۆڕیدا لە توێژینەوە دەرباری ئەوەی چۆن دەنگ کار لە مێشک دەکات بەسەر بردووە. ئەوەی دۆزیویەتیەوە کاریگەی گرنگی لەسەر ئەوە هەیە کە چۆن پێگەشتووان و منداڵان مامەڵە لەگەڵ ئەو دەنگانە دەکەن کە لە دەوریانن. "دەنگ نەبینراوە، بەڵام هێزێکی یەکجار بەتوانایە، " کراوس ووتی،" بە باش یاخود بە خراپ، دەنگ شێوە دەدات بە مێشک و چۆنیەتی فێربوونت."

Share via
Send this to a friend