فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە چۆن کاردەکات؟ چەند ڕێگایەک بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەی پلاندانان ودروستکردنی پرۆژە

وەک هەموو وانەکانی دیکە، فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە پێویستی بە ئامادەکاری وپلاندانانی زۆر هەیە. بە بیرۆکەو پرسیارێکی بنچینەیی دەستپێدەکات. کاتێک تۆ پلانی ئەو پرۆژەو پرسیارە بنچینەییە دادەرێژیت کە دەبنە دەستپێکی چالاکییەکان، گرنگە بیرت بێت کە کۆمەڵێکی زۆر بابەتی ستاندارد لە ناوەڕۆکەکەدا دێنە پێش. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتانە، نەخشەیەک دابڕێژە کە ببێتە هۆی لە خۆ گرتنی زۆرترین بابەت لە پرۆژەکەدا.

ئەو بابەت و سەرچاوانە بزانە کە خوێندکارەکان دەستیان پێی دەگات. دواتر، خوێندکارەکان لە دابەشکردنی  کاتەکانیاندا پێویستیان بە یارمەتی دەبێت، کە بە ڕاستی یەکێکە لە بەهرەکانی ژیان. لە کۆتاییدا، چەند شێوازێک بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆژە تەواوکراوەکەی خوێندکارەکانت بەکاربهێنە. ئایا خوێندکارەکان توانیویانە کۆنترۆڵی بابەتەکە بکەن؟ ئایا توانیویانە کە زانیاریو بەهرە نوێیەکانیان بەکاربهێنن؟ زۆرێک لە وانەبێژەکان خوێندکارەکانیان بەگەشەپێدانی ئەم یاسایانە سەرقاڵدەکەن.

ئەمانەی خوارەوە چەند هەنگاوێکن بۆ جێبەجێکردنی فێرکردن لەسەر بنەمای پرۆژە، کە وردەکارییەکانیان لە خوارەوەدا خراونەتە ڕوو:

  • بە پرسیارە بنچینەییەکە دەستپێبکە.

  • نەخشەیەک بۆ پرۆژەکە دابڕێژە.

  • خشتەیەکی کات دروست بکە.

  • چاودێری خوێندکارەکان وبەرەوپێشچونی پرۆژەکە بکە.

  • ئەنجامەکە هەڵبسەنگینە.

  • تەواوی ئەزمونەکە هەڵبسەنگێنە.

بە پرسیارە بنچینەییەکە دەستپێبکە

ئەو پرسیارەی کە وانەیەکی (فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار) دەستپێدەکات پێویستە پرسیارێک بێت کە خوێندکارەکانت سەرقاڵ بکات. ئەو پرسیارە لە ئەرکەکەی بەردەستیان گرنگترە وکۆتاییەکی کراوەشی هەیە. کێشەیەک یاخود بارودۆخێک دەخاتە بەردەم خوێندکارەکان کە دەتوانن تاوتوێی بکەن، لەبەر ئەوەی دەزانن کە پرسیارەکە تەنها یەک وەڵام یاخود یەک شیکاری نییە.

جەیمی مککینزی:  (” لەوانەیە پرسیارەکان گەورەترین تەکنەلۆجیا بن کە هەتاوەکو ئێستا دامانهێناوە. پرسیار وپرسیارکردن وامان لێدەکات کە لە جیهانێکی سەرلێتێکدەر تێبگەین. ئەوان ئەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی بینینی شتەکان و تێگەیشتنیان.”)

بابەتێکی ژیانی ڕۆژانە بهێنەو دەست بکە بە لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ. پرسیارەکەت لە ناونیشانێک  یاخود بارودۆخێکی ڕاستەقینەوە وەربگرە. چی لە پۆلەکەتدا ڕودەدات؟ لە کۆمەڵگەکەتدا؟ پرسیارێک دەستنیشان بکە دەربارەی بابەتێک کە خوێندکارەکان وابزانن بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە کاریگەرییەکیان لەسەر ئەو بابەتە دەبێت. ئاسانكارى بكە بۆيان. پرسیارەکە دەبێت دەربارەی (ئێستا) بێت،  پرسیارێک بێت کە لە ژیانی خوێندکارەکانتدا واتایەک ببەخشێت.

 

نەخشەیەک بۆ پرۆژەکە دابڕێژە

کاتێک نەخشەی پرۆژەکە دادەنێیت، گرنگە ئەوەت لە یادبێت کە چ لایەنێکی ناوەڕۆکەکە باس دەکرێت. خوێندکارەکان بە پلاندانانەوە سەرقاڵ بکە، چونکە کاتێک چالاکانە سەرقاڵی بڕیاردان دەبن هەست بە خاوەندارێتیی پرۆژەکە دەکەن. ئەو چالاکییانە هەڵبژێرە کە پشتگیری پرسیارەکە دەکەن و مەنهەجەکە بەکاردەهێنن. بەمەش پرۆسەکە دەخەیتە سەر ڕێگە. زۆرترین بابەت لە پرۆژەکەدا ئاماژە پێبکە. بزانە چ سەرچاوەو بابەتێک بۆ یارمەتی دانی خوێندکارەکان بەردەستە. ئامادە بە بۆ ئەوەی قوڵتر بچیتە ناو ئەو بابەت و پرسیارانەی سەرهەڵدەدەن لەو کاتانەدا کە خوێندکارەکان زۆر سەرقاڵدەبن بە گەڕانێکی چالاک بەدوای وەڵامەکاندا.

پاتی ڤریلاند، مامۆستای باخچەو قۆناغی بنەڕەتی دەڵێت  : ” پێویستە پرۆگرامی خوێندنەکە بناسین. پێویستە بنەماکان بە باشی بزانین. هەرچەندە وا دەردەکەوێت  کە خویندکارەکان هەمووکارە قورسەکە دەکەن، بەڵام لە پشت کارەکەوە بڕێکی زۆر پلاندانان بەڕێوە دەچێت هەتاکوپرۆژەکە دەچێتە بەردەست خوێندکارەکان “

خشتەیەکی کاردروست بکە

ماوەیەکی کاتیی بۆ بەشەکانی پرۆژەکە دەستنیشان بکە، ئەوەش بزانە کە گۆڕانکاریی لە خشتەی کاتەکەدا ڕودەدات. خۆت بگونجێنە، بەڵام یارمەتی خوێندکارەکانیش بدە درک بەوە بکەن کە کاتێک دێتە پێشەوە کە تێیدا پێویستە بیرۆکەکان ودۆزینەوەو هەڵسەنگاندنەکانیان بگەیەننە ئەنجامێک. کاتێک خشتەی کاتەکە دادەنێیت ئەم بابەتانەت لە پێش چاو بێت:

  • ماوەی چەندێک کات دەدرێت بە پرۆژەکە.
  • ئایا پرۆژەکە لە تەواوی کاتەکانی ناو قوتابخانەدا جێبەجێ دەکرێت یاخود لە ماوەی تەرخانکراوی جیاوازدا.
  • چەند رۆژ بۆ پرۆژەکە تەرخاندەکرێت.

بە جێبەجێکردنی ئەم تاکتیکانەی خوارەوە سەرکەوتن کارا بکە :

  • یارمەتی ئەو خوێندکارانە بدە کە ناتوانن کاتە تەرخانکراوەکە لەبەرچاوبگرن.
  • هێمای هەڵسەنگاندن دابنێ.
  • ڕێنمایی بە خوێندکارەکان بدە بۆ دابەشکردنی کاتەکەیان.
  • فێریان بکە چۆن خشتە بۆ ئەرکەکانیان دروست بکەن.
  • کاتە دیاریکراوەکەیان بیر بهێنەرەوە.
  • یارمەتیان بدە کاتی تەواوکردنی پرۆژەکە دیاریبکەن.
  • با پرسیارە سەرەکییەکەت ئاسان و لەگەڵ تەمەنیاندا گونجاو بێت.
  • پرۆژەی وەها دەست پێبکە کە هەموو خویندکارەکان بتوانن تێیدا سەرکەوتووبن.

هەروەها ڕێگە بە خوێندکارەکان بدە کە بە ئاڕاستەی نوێدا بڕۆن، بەڵام ئەو کاتانەی کە وادەردەکەوێت لە پرۆژەکە لابدەن رێنماییان بکە. کاتێک وا دەردەکەوێت کە گروپێک بە ئاڕاستەیەکی جیاوازدا دەڕوات، داوا لە خوێندکارەکان بکە کە هۆکاری پشت کارەکانیان ڕون بکەنەوە. لەوانەیە بیرۆکەی چارەسەرێکیان لابێت کە تۆ نەتبینیوە! هەروەها یارمەتی منداڵەکان بدە کە لەسەر پرۆگرامەکە بمێننەوە، بەڵام بە ڕێکەوت سنور دامەنێ.

 

چاودێری خوێندکارەکان وبەرەوپێشچونی پرۆژەکە بکە

بۆ ڕاگرتنی کۆنترۆڵ ، بەبێ ڕێگرتن لە بەرپرسیارێتی خوێندکارەکان لە کارەکانیان، ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکە:

  • پێویستییەکانی پرۆسەکەو حەزی فێربوون فەراهەم بکە.
  • خوێندکارەکان فێربکە چۆن لەگەڵ یەکتریدا کار بکەن.
  • ڕۆڵی گۆڕاو بۆ ئەندامەکانی گروپەکان دیاری بکە.
  • ڕێگە بە خوێندکارەکان بدە کە ڕۆڵە سەرەکییەکانیان هەڵبژێرن، بەڵام بەرپرسیارێتی و کاریگەریی گشت ڕۆڵەکانی گروپەکە لەبەرچاوبگرە.
  • بیری خوێندکارەکان بخەرەوە کە هەر بەشێکی پرۆسەکە موڵکی یەکێک لە تاکەکانی گروپەکەیەو هەموو هەوڵێکی ئەو خوێندکارەی پێویستە .
  • سەرچاوەو ڕێنمایی دابین بکە.
  • بە دروستکردنی خشتەی ڕێنمایی بۆ تیم و پرۆژەکە، پرۆسەکە هەڵبسەنگێنە.

 

” بە زیاد بونی ژمارەی بیرۆکەکان یاخود زیاد بونی ژمارەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێویستە بگیرێنە بەر، لەوانەیە پێویست بکات خوێندکارەکان بە بە ڕێکخراوی بمێننەوە و چاودێری بەرەوپێشچونەکانیان بکەن، هەروەها تەرکیزیان لەسەر کێشەکە بهێڵنەوە لە بری ئەوەی کە بە هۆی بەشەکانیەوە توشی شڵەژان ببن.”  (فیلیپس پ. بلەمنفیڵد و ئەوانی دیکە. لە ڕۆژنامەی (دەرونناسی پەروەردەیی ) ەوە.

 

جیاوازی چییە لە نێوان خشتەی ڕێنمایییەکانی تیم وخشتەی ڕێنماییەکانی پرۆژەکە ؟

خشتەی ڕێنماییەکانی تیمەکە پێشبینی کارەکانی هەریەک لە تاکەکانی تیمەکە ئاماژە پێدەدات:  چاودێری جوڵەکانی تیمەکە بکە،  ئەندامەکان تا چەند بە باشی بەشداری دەکەن؟ تا چەند سەرقاڵن بە پرۆسەکەوە؟ دەرئەنجامەکان هەڵبسەنگێنە.

لە لایەکی دیکەوە، خشتەکانی پرۆژەکە ئەم پرسیارانە دەکەن: چی پێویستە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە؟ بەرهەمی کۆتایی پرۆژەکە چییە؟ دۆکیومێنتە؟ پرێزنتەیشنی مەڵتیمیدیاییە؟ پۆستەرێکە؟ تێکەڵەیەکە لە چەند بەرهەمێک؟ ئایا ڕاپۆرتێکی باش، پرێزنتەیشنێکی مەڵتیمیدیا، پۆستەریاخود بەرهەمی دیکە شێوەیان چۆنە؟  با داواکارییەکانت بۆ خوێندکارەکان ڕون بن بۆ ئەوەی هەمویان بتوانن سەرکەوتن بەدەستبێنن.

 

دەرئەنجامەکان هەڵبسەنگێنە

هەڵسەنگاندن پێویستیی زۆر جێبەجێ دەکات. چونکە :

  • فیدباکێکی شیکارییانە دابین دەکات.
  • یارمەتیی مامۆستاکان دەدات کە پێوانەی ستانداردیان هەبێت.
  • ڕێگە دەدات کە بەرەوپێشچونی خوێندکار هەڵبسەنگێنرێت و ئەو بەرەوپێشچونەش بە ئەنجامەکانی دیکەیەوە گرێبدرێن.
  • ئەو فیدباکە دەداتەوە بە خوێندکاران کە ئەوان تا چەند بە باشی لە زانیارییەکان تێدەگەن و لە چ بابەتێکدا پێویستە باشترببن.
  • یارمەتی مامۆستا دەدات ڕێنمایی دروست بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر وانەبڵێتەوە.

”  فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار جەخت لەسەر فێرکردنێک دەکاتەوە کە تێیدا خویندکارەکان بە لێکۆڵینەوەوە سەرقاڵ دەکرێن. لەم چوارچێوەیەدا،خوێندکارەکان بەدوای چارەسەری کێشەی ڕاستەقینەدا دەگەڕێن، ئەویش بە پرسیارکردن و ڕێکخستنی پرسیار، تاووتوێ کردنی بیرۆکە، پێشبینی کردن، پلاندانان یاخود تاقیکردنەوە، کۆکرندەوەو شیکردنەوەی داتا، دۆزینەوەی ئەنجام، نیشاندانی بیرۆکەو دۆزینەوەکانیان بە کەسانی دیکە، کردنی پرسیاری نوێ، دروستکردنی چەندین بابەتی وەک ( نمونە، ڕاپۆرت، تۆماری ڤیدیۆیی، یاخود بەرنامەی کۆمپیوتەر). ” –  فیلیس بلەمنفیڵد و ئەوانی دیکە، لە رۆژنامەی دەرونناسی پەروەردەیی.

 

هەرکاتێک کە بگونجێت، هەل بدە بە خوێندکارەکان کە هەڵسەنگاندن بۆ خۆیان بکەن، کاتێک هەڵسانگاندنی خوێندکارەکەو هەڵسەنگاندنی مامۆستاکە ناکۆک بن، کۆنفرانسێک بۆ مامۆستاو خوێندکار ڕێک بخە بۆ ئەوەی ڕێگە بە خوێندکارەکە بدەیت کە بەوردی تێگەیشتنی خۆی لە ناوەڕۆکەکە ڕون بکاتەوەو دەرئەنجامەکەش شی بکاتەوە.

ئەزمونەکە هەڵبسەنگێنە

کاتێکی زۆر کەم بۆ کاردانەوە دەمێنێتەوە لە ماوەی ڕۆژە پڕ سەرقاڵییەکانی قوتابخانەدا، بەڵام کاردانەوە پێکهاتەیەکی گرنگی فێربونە. چۆن پێشبینی ئەوە بکەین کە خوێندکارەکانمان زانیاری نوێ بەرهەمبهێنن ئەگەر کاتیان نەدرێتێ بۆ ئەوەی کاردانەوەیان هەبێت لەسەرئەو دۆزینەوانەی کە پێی گەیشتون؟  بە هەمان شێوە زۆربەی جار ئێمەی مامۆستا ئەو کاتە نادەین بە خۆمان. کاتێک دابنێ بۆ کاردانەوە لەسەر چالاکیەکانی ڕۆژانە. ڕێگە بە کاردانەوەی تاکەکەسیش بدە، وەک لە بابەتی ڕۆژنامەنوسیدا ، هەروەها کاردانەوەی بەکۆمەڵ و گفتوگۆ. بۆ نمونە ئەو زانیارییانە بسەلمێنە کە خوێندکارەکان فێری بون هەروەها چەند پێشنیارێک بۆ باشترکردنی بابەتەکان بکە.

بۆ کاراکردنی هەڵسەنگاندنێکی خۆیی کاریگەر، ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکە:

  • کات تەرخانبکە بۆ کاردانەوە، بە شێوەی تاکەکەس و بە کۆمەڵیش.
  • هەست وئەزمونەکان بگۆڕەوە.
  • باس لەو ڕێگایانە بکە کە زۆر باش کاریان کردووە.
  • باس لەو بابەتانە بکە کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە.
  • ئەو بیرۆکانە باس بکە کە دەبنە هۆی دروستبونی پرسیارو پرۆژەی نوێ.

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه

ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: میهرەبان عەزیز

هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد

ده‌نگ: لانه‌ سواره

ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Feropedia

فێرۆپيديا پڕۆژەيەكى په‌روه‌رده‌يى كوردييە كە ئامانجى مامۆستايان و كەسانى پەروەردەيى و بەڕێوبەرو پلاندانەر ودايك و باوكانە بە تايبەتى. به‌گشتيش قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەيى و زانكۆو پەيمانگاكانە. بيرۆكەى پڕۆژەكە لەلايەن گروپێك لە مامۆستايانى دەرچووى زانكۆو خاوەن بڕوانامەى باڵاو توێژەرانى بوارى پەروەردە و وانە ووتنەوەو ڕاهێنەرى مامۆستايان لە ناوو و دەرەوەى كوردستان داڕێژراوە. ئەم دەستەيه‌ ئيش لەسەر وەرگێڕانى بابەت و توێژينەوە پەروەردەيى و دەركراوە ئەكاديمى و ڤيديۆ پەروەردەييەكان دەكات بۆ زمانى كوردى لە پێناو خستنەڕوويان بۆ خوێنەرانى كورد بە شێوەيەكى ئاسان و بينراو و بيستراو.

لێرەش بگەڕێ

پێویستییەکانی فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار: بۆچی فێربوون لەسەر بنەمای پرۆژەكار گرنگە؟ (بەشی یەکەم)

ئەو مۆدێلە ناچالاكەى فێربوون كە كاتى خۆى لە قوتابخانەكاندا پەيڕەودەكراو تەنها خۆى لە لەبەركردن و …

Share via