نوسەر: ماری دیلەی

ووتنەوەی ئینگلیزی بە فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت – ئەفسانەکان و ڕاستییەکان

لەم ووتارەدا، ماری دیلانی لە هەندیک لەو ئەفسانانە دەکۆڵێتەوە کە دەربارەی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت (SENs) هەن و ڕێنمایی و ئامۆژگاری پێشکەشدەکات.

 

‘دەزانم لە پۆلەکەمدا منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتم هەیە، دەمەوێت یارمەتییان بدەم و دەبێت ئێمە هانیان بدەین بۆ تێکەڵاوبوون، بەڵام بەڕاستی نازانم چۆن ئەمە ئەنجام بدەم.’

ڤێرا، مامۆستای خوێندنگەی بنەڕەتییە لە ئیسپانیا

“هەندێک لە منداڵەکان لە پۆلەکەمدا زۆر بە نەشیاوی هەڵسوکەوت دەکەن، ناتوانن بە ڕێکی دانیشن، ئەرکەکانیان تەواو ناکەن و هەموو کات هاوار دەکەن. پێم وایە ئاستەنگی فێربونیان هەبێت، بەڵام نازانم چی بکەم.”

کریس، مامۆستای خوێندنگەی ناوەندییە لە پۆڵەندا

ئایا تۆش هەمان هەستی ئەم مامۆستایانەت هەیە؟ ئایا پێتوایە لەو فێرخوازانە لە پۆلەکەتدا هەن کە خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەتن (SENs) و ناشزانیت چۆن پشتگیرییان بکەیت؟ لە ئیستادا زۆرێک لە وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا پەیڕەوی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی دەکەن بۆ ئەو فێرخوازانەی کە پێویستیان بە پەروەردەی تایبەتە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە فێرخوازی زیاتر و زیاتری خاوەن پێداویستی تایبەت لە پۆلە ئاساییەکاندا هەن. زۆرێک لە مامۆستایان هەست ناکەن کە ڕاهێنانە پەروەردەییەکانیان ئامادەی کردوون بۆ لەخۆگرتنی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت لە پۆلەکانیاندا. بەپێی ئەزموونی خۆم، هەندێک بیروباوەڕی هەڵە و ئەفسانەیی باو هەن سەبارەت بە فێرکردنی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت(SENs).

ئەفسانەی ١- بۆ ئەوەی بزانیت چۆن ئەم فێرخوازانە فێربکەیت، پێویست دەکات کە دەرونناسێکی پسپۆڕ یاخود مامۆستایەکی ڕاهێنراو بیت لە بوارەکەدا.

نەخێر، وا نییە. ئەمە بەدڵنیاییەوە یارمەتیت دەدات زیاتر فێرببیت دەربارەی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت، هەروەها لە دەستکەوتنی ڕێنمایی لەلایەن پسپۆڕەکانەوە لەم بوارەدا، بەڵام فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت سودمەند دەبن لە ووتنەوەی وانە بە شێوەیەکی باش، بەتایبەتی لە بواری بەڕێوەبردنی پۆل، پلان دانان و دانانی ئەرکەکان. بۆ نمونە، فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت پێویستیان بە یاسا و ڕێنمایی دیار و جێگیر هەیە، پێویستیان بە ئەرکی کورت هەیە کە توانای جێبەجێکردنیان هەبێت بۆ ئەوەی هەست بکەن دەستکەوتێکیان بەدەست هێناوە، پێویستیان بەوەیە کە هەست بکەن مامۆستا بایەخیان پێدەدات و لێیان تێدەگات وەک مرۆڤێک و پێویستیان بەو پرێزنتێیشنانە هەیە کە هەرسێ هەستی بیستن، بینین و دەستلێدانیان تێدایە، لەگەڵ پراکتیزە کردنی بابەتەکان. مامۆستای باش هەموو ئەمانە ئەنجام دەدات بەبێ هەبوونی زانیاری تایبەت دەربارەی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت (SENs).

ئەفسانەی٢- فێرخوازانی تر کەمتر پێشدەکەون کاتێک لە هەمان پۆلدا لەگەڵ فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت فێردەکرێن.

نەخێر، حاڵەتەکە بەم شێوەیە نییە. منداڵە خاوەن پێداویستییە پەروەردەییە تایبەتەکان دەتوانن منداڵەکانی تر فێری هاوسۆزی، تێگەیشتن لە جیاوازی و کارامەییە گرنگەکانی تری وەک کۆمەڵایەتی و فێربوون بکەن. منداڵان بە شێوەیەکی سروشتی لەوە دەگەن کە هەندێک فێرخواز پێویستیان بە یارمەتی زیاترە. پێویستە گەورەکان لەمە تێبگەن و کاری پێبکەن. ئەزموونی فێربوون لە پۆلێکی گشتگیردا دەتوانێت سود بە فێرخوازەکان بگەیەنێت و ئەزموونی فێربوونیان دەوڵەمەند بکات.

ئەفسانەی٣ – فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت ناتوانن فێری زمان ببن. 

نەخێر، مەرج نییە ئەمە ڕاست بێت. فێربوونی زمانی ئینگلیزی بوار بە زۆربەی منداڵە خاوەن پێداویستییە پەروەردەییە تایبەتەکان دەدات کە فێری کارامەییە گرنگەکانی وەک گوێگرتن، بە نۆرە قسەکردن و بەشداریکردن، کارکردن لەگەڵ ئەوانی تر، چاوەڕوانیکردنی وەرگرتنی بایەخ، تێبینیکردنی شتەکانی کەسانی تر، تێگەیشتن لە زمانی کۆمەڵایەتی و دەربڕینی ڕاوبۆچونەکان ببن. ئەمانە ئەو کارامەییانەن کە زۆرجار لە چالاکییەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا دەکرێن و دەکرێت بە ڕێگەیەکی خۆش و دوور لە ترساندن ئانجام بدرێن. خوێندنەوە و نوسینی چیرۆک بوار بە فێرخوازان دەدات کە بە ڕێگەیەکی سەلامەت و داهێنەرانە لە کێشەکان بکۆڵنەوە. فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەم ڕێگەیە دەتوانێت ئەزمونێکی جیاوازی ناو پۆل بدات بە فێرخوازانی خاوەن پێداویستی  پەروەردەیی تایبەت.

ئەفسانەی ٤ – کات و پلانی زۆر زیاتری دەوێت.

نەخێر. هەموو مامۆستایان کاتیان کەمە بەڵام هەبوونی فێرخوازی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت لە پۆلەکەتدا پێویستی بە پلاندانانی زۆر زیاتر نییە. پێویستی بە پلاندانان بۆ شێوازە جیاوازەکانی فێربوون، بیرکردنەوە دەربارەی بەرژەوەندی و تواناکانی فێرخوازەکانت، دانانی جۆری جیاواز لە ئەرک و پێشکەشکردنی وانەکە بە ووریاییەوە دەبێت. هەرچەندە ئەم جۆرە پلاندانانە فێربوونی هەموو فێرخوازەکان باشدەکات لە پۆلەکەتدا. لەڕاستیدا ئەگەر فێرخوازی زیاتر و لە قۆناغێکی زووتردا بەشداری وانەکە بکەن، ئەوا کاتت بۆ دەگەڕێتەوە و ئەنجامی باشترت دەبێت.

ئەفسانەی٥ –  مامۆستا ناتوانێت کێشەی فێرخواز “چارەسەر” بکات، لەبەرئەوە هیچ شتێک نییە بتوانم بیکەم.

بەدڵنیاییەوە ڕاست نییە. فێرخوازەکە پێویستی بە ‘چارەسەرکردن’ نییە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ڕەوشی فێرخوازەکە پیشاندەدات لەڕووی پزیشکییەوە، گریمانەی ئەوە دادەنێت کە فێرخوازەکە بەجۆرێک ‘تێکشکاوە’ و پێویستی بە ‘چارەسەر’ هەیە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی گشتگیرمان هەبێت، پێویستە هەموومان زیاتر فێربین دەربارەی کێشە و جیاوازییەکانی ئەوانیتر. مامۆستایان دەتوانن زۆر فێرببن لە فێرخوازە خاوەن پێداویستییە پەروەردەییە تایبەتەکانەوە و خوێندنگەکانیش پێویستە فێرببن شێوازی وانە ووتنەوە و بیرکردنەوەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی زیاتر هانی گشتگیربوون بدەن. بۆ نمونە، لە جیاتی گەڕان بەدوای شارەزایەک هەتاوەکو کار لەگەڵ منداڵەکەدا بکات، شارەزاکە دەتوانێت بە ڕاهێنان بە مامۆستاکان یارمەتی خوێندنگەکە بدات بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن لە ڕێگەکانی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ منداڵەکە.

هەندێک ڕێنمایی بۆ پۆلێکی گشتگیر

١. سەیری فێرخوازەکە خۆی بکە نەک حاڵەتەکەی. فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت کەسانی خاوەن کەسایەتین. بۆ نمونە، هەموو ئەوانەی دیسلێکسیا (گرفتی خوێندنەوە)یان هەیە، وەک یەک نین. لەوانەیە فێرخوازەکە کۆمەڵایەتی، داهێنەر، قسەخۆش، حەزی لە مۆسیقا بێت یان بە پێچەوانەی هەموو ئەمانەوە بێت. بۆیە فێرخوازەکە بناسە.

٢. هەموو کات ئەو چالاکییانە بەکاربهێنە و هان بدە کە هاوسۆزی و تێگەشتن لە پۆلەکەتدا گەشە پێدەدەن. بۆ نمونە، زۆر چالاکی لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی (ELT)دا پێکدێت لە هەڵهێنان و بیرهاتنەوەی شتێک دەربارەی هاوڕێکەت، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانتان یان جیاوازییەکانتان. ئەم جۆرانە لە چالاکی زمان بەکاربهێنە.

٣. گرێبەستێکی فێربوون دروستبکە کە تێیدا خوو نەریتە گشتگیرەکەی ناو پۆل ڕوون بێت. بۆ نمونە، هەندێک یاسا دابنێ کە بەها بنچینەییەکانی پۆلەکەت بخەنەڕوو، وەکو:

  •   ئێمە یارمەتی یەکتر دەدەین.
  •   ئێمە گوێ لە یەکتر دەگرین.
  •   ئێمە تێدەگەین لەوەی کە هەموو کەس ناوازایە.

٤. بوار بە فێرخوازەکان بدە بە ڕێگەی جیاواز و ئاڕاستەی جیاواز پراکتیزەی زمانەکە بکەن و دەریببڕن.

٥. سیستمی چاودێریکردنی یەکدی یان کارکردن لەگەڵ یەکدی پەرەپێبدە، کە تێیدا فێرخوازەکان یارمەتی یەکتر دەدەن و کارامەییاکانیان لەگەڵ یەکدا هاوبەشی پێدەکەن.

٦. بە ووریاییەوە بیربکەرەوە لەچۆنییەتی پێدانی ڕێنماییەکان. ڕوون و پوختیان بکەرەوە، و بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو پێیانبدە. زۆر بە سادەیی و بەو ڕیزبەندییەی کە دەتەوێت ئەنجامی بدەن. دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ڕیزبەندی. بۆ نمونە، بڵێ “سەیری تەختەکە بکەن، کتێبەکانتان بکەنەوە.” نەک ” پێش ئەوەی کتێبەکانتان بکەنەوە، سەیری تەختەکە بکەن.” نمونەیەک بهێنەرەوە و داوای نمونە لە فێرخوازەکان بکە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت تێگەشتوون.

٧. زمانێکی ئەرێنی لەناو پۆلدا بەکاربهێنە. ئەوە بڵێ کە دەتەوێت فێرخوازەکان ئەنجامی بدەن، نەک ئەوەی کە ناتەوێت ئەنجامی بدەن. بۆ نموونە، بڵێ “سەیری تەختەکە بکە.” لەجیاتی ئەوەی بڵێیت “ئاوڕ مەدەرەوە بۆ دواوە.”

٨. هۆکاری بینراو بەکاربهێنە بۆ جەختکردنەوە لە یاساکان و ڕۆتینەکان. دەستەیەک وێنە دابنێ کە بەشە جیاوازەکانی وانەکە پیشانبدات – گوێگرتن (گوێ)، قسەکردن (دەم)، نوسین (قەڵەم)، خوێندنەوە (کتێب) و ئەمانە بە تەختەکەدا هەڵبواسە لەسەرەتای وانەکەدا بۆ ئەوەی ڕیزبەندی وانەی ڕۆژەکەیان پیشان بدەیت.

٩. بیر لە پێویستییەکانی فێرخوازەکانت بکەرەوە و پلانێک دابنێ بۆ دابەشکردنی جێگەی خوێندکارەکان. بۆ نموونە ئەو فێرخوازانەی کە کێشەی لاوازیی بیستنیان هەیە، پێویستیان بەوە هەیە لە نزیک مامۆستاکەوە دانیشن. بەڵام ئەو فێرخوازانەی کە کێشەی کەمیی سەرنج و فرە چالاکی (ADHD)یان هەیە، پێویستە لە دووری ئەو شتانەوە دابنیشن کە خەیاڵیان دەبات وەکو پەنجەرە و ئامێرەکانی ساردکردنەوە و گەرمکردنەوە.

١٠. هەروەها مەترسە لەوەی پرسیار لە کەسانی تر بکەیت، وەکو دایک و باوک/دایەنەکان، شارەزایانی تر و لەسەروو هەمووانەوە، لە فێرخوازەکە. ئەوان دەزانن کە چی سوودی هەیە.

سەرچاوەی بابەت: ئێره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئێره ببينه               

ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: کیژان عبدللە

هەڵەچن: خەبات رەفیق محمد، هاوناز ئیبراهیم مەحمود

دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Kizhan Abdulla

کیژان عبدللە احمد خوێندکاری قۆناغی چواره‌می بەشی زمانی ئینگلیزییە لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆيی، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمە لە ژمێریاریدا. لە ئێستادا ئەندامە لە فێرۆپیدیا و کاری وەرگێڕان دەکات. ئەو ئاواتەخوازە ببێت بە مامۆستایەکی دلسۆزو وەرگێڕێکی سەرکەوتوو كه‌ خزمەتى کەرتی پەروەردەبکات، هەربۆیە فێرۆپیدیای هەڵبژاردو هیوای بەردەوامی وسەرکەوتنی بۆ دەخوازێت. "هەرکەسێک هەوڵبدات بۆبەدەستهێنانی ئامانجێکی لە ژیان، بێگومان هەموو زروفێک یارمەتیدەری دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەی'

لێرەش بگەڕێ

ئایا ئەركی ماڵەوە بەسوودە؟ ئەو پێنج پرسیارەی کە پێویستە هەموو مامۆستایەک لە خۆی بکات

مامۆستایان هەموو ڕۆژێک مامەڵە لەگەڵ ئەركی ماڵەوەدا دەكەن، بەڵام ئایا بەڕاستی دەزانیت چۆن ئەرکی ماڵەوە بەکاربهێنیت. ئەمانەی خوارەوە ئەو پێنج پرسیارەن کە پێویستە بزانیت لەبارەیانەوە

Share via
Send this to a friend