وانە ووتنەوەیەکی کاریگەر لە خوێندنی باڵادا

وانە ووتنەوە یەکێکە لە باوترین ڕێگەکان کە لە خوێندنی باڵادا لەلایەن مامۆستایانەوە بەکاردەھێنرێت. ئەمەش دەکرێت زۆر کاریگەر بێت، بە مەرجێک بە وریاییەوە پلانی بۆ دابنرێت و بە ھۆشیارییەوە بگەیەندرێت. لەم بابەتە گرنگەدا مامۆستایان فێری ئەوە دەبن کە چۆن پلان بۆ وانەیەکی کاریگەر دابنێن. مامۆستایەک تاگ بکە بۆ ئەوەی سوودمەند بێت.

چۆن بتوانم ئەمە ئەنجام بدەم؟

وانە یەکێکە لە باوترین ڕێگەکان کە لە خوێندنی باڵادا لەلایەن مامۆستایانەوە بەکاردەھێنرێت. ئەمەش دەکرێت زۆر کاریگەر بێت، بە مەرجێک بە وریاییەوە پلانی بۆ دابنرێت و بە ھۆشیارییەوە بگەیەندرێت.

پێویستە پێکھاتەی وانەکەم چی بێت؟

بۆ نوسینی پلانی وانەیەکی کاریگەر، بیر لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی بکەرەوە. کە دەکرێت ئەمانە ببەستینەوە بە سێ بیرۆکەی سەرەکییەوە: دەق، ناوەڕۆک، دەرئەنجام.

  • دەق باکگراوندێک دەدات بە وانەکە، ھەروەھا پەیوەندیداریی و یەککگرتنەوەی بابەتی وانەکە لەگەڵ بابەتەکانی دیکەی فێربووندا ڕووندەکاتەوە.
  • ناوەڕۆک نوسراوەکانی ناو وانەکە بەھێزدەکات و یارمەتی خوێندکاران دەدات پەیوەندی لە نێوان شتەکاندا دروست بکەن و ڕونکردنەوەی خۆیانیان هەبێت.
  • ناساندنی بڕێکی زۆر لە چەمکی سەرەکی لە یەک وانەدا دەبێتە ھۆی بارگرانی لەسەر توانای مێشکیی خوێندکارەکان، کە ئەمەش وەک ئەوە وایە سوراحییەک خۆی پڕ بێت لە ئاو و تۆش ھەوڵ بدەیت ئاوی تێبکەیت، واتا ئەوان زیاتر فێرنابن تەنھا لەبەرئەوەی تۆ زانیاری زیاتریان پێدەدەیت. با ئامانجەکەت چۆنییەتی بێت نەک چەندێتی.
  • لە کۆتایی وانەکانتدا دەرئەنجامیان پێبڵێ. یارمەتیدانی خوێندکار بۆ پوختەکردنی وانەکە دەبێتە هۆی باشترکردنی فێربوون و هەروەها بابەتەکانی داهاتووش دەخاتە چوارچێوەیەکەوە کە خوێندکار ئامادە دەکات بۆ وانەی داهاتوو.

دەمەوێت چ جۆرە وانەیەک بڵێمەوە؟

ئایا دەتەوێت زانیارییەکەت بەشێوەی نەخشە بگەیەنیت، بە بەڵگە پاڵپشتی بیردۆزێک بکەیت، چیرۆکێک بگێڕیتەوە، هەنگاوەکانی شتێک بخەیتەڕوو، یان کێشەیەک چارەسەر بکەیت؟ یاخود تێکەڵەیەک لە هەموو ئەمانە؟

  • ھەر شێوەیەک ھەڵدەبژێریت، شارەزاییت لە بابەتەکە و پەرۆشیت بۆی دەرببڕە. ئەوە ھانی خوێندکاران دەدات کە بیانەوێ زیاتر لەسەر بابەتەکە بزانن.
  • بۆ ئەوەی باشترین شێواز ھەڵبژێریت، بیرلە بڕی کات و ئاستی فێربوونی خوێندکارەکانت بکەرەوە.
  • ئامانجی وانەکەت بۆ خوێندکارەکان دیاریبکە و بە پێی ئەوەش شێوازی وانە ووتنەوەکە بگونجێنە.

چ شتێک یارمەتیدەر دەبێت بۆ وانەکەم؟

چ شتێک یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی خوێندکارەکانت زیاتر حەز بە وانەکەت بکەن؟ چۆن دەتوانیت ھانیان بدەیت بۆ ھاتنە پۆل و فێربوون؟ دەتوانیت چەندین ڕێگەی لێهاتووانە بەکاربهێنیت، هەر لە بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییە هاوچەرخەکانەوە هەتا بەکارھێنانی جەستە و دەنگت بەشێوەیەکی کاریگەر.

  • دەنگت زۆر گرنگە. ئاوازی دەنگت بەکاربھێنە، لەسەرخۆتر لە کاتی ئاسایی قسەبکە و دڵنیابەرەوە لەوەی کە ئەرکەکەت بەباشی ئەنجام دەدەیت یاخود مایکرۆفۆن بەکاربھێنە. ھەروەھا دڵنیابەرەوە لەوەی ئەوانەی لە دواوە دانیشتوون گوێیان لێتە.
  • لە کاتی وانە ووتنەوەدا لە پشتی دووانگەکەوە مەوەستە. لە پۆلەکەدا ھاتوچۆ بکە و تەماشای ھەموویان بکە بەتایبەت ئەوانەی لە دواوە دانیشتوون.
  • بە جۆش و خرۆشەوە باس لە بابەتەکە بکە، دەکرێت ئەو جۆش و خرۆشییەی تۆ ڕەنگدانەوەی هەبێت لە خوێندکارەکاندا.
  • خوێندکارەکانت فێربکە کە چۆن تێبینی بنوسن، بەتایبەت لەو کۆرسانەی کە بە خوێندکارانی ساڵی یەکەم دەوترێتەوە.
  • نەخشەی وانەکەیان پێبدە با ئەوان وردەکارییەکانی بنوسن، یان ھەر ١٥ خولەک جارێک کاتیان پێبدە بۆ پوختەکردنی ئەوەی کە باسکراوە.
  • کاتێک لە پرێزنتێیشنێکدا سڵاید بەکاردەھێنیت، تەنھا بیرۆکە سەرەکییەکان لە سڵایدەکەدا بنووسە. ھەرکاتێک پێویستی کرد وێنە بەکاربھێنە، سڵایدەکان مەخوێنەرەوە، و ھەوڵ بدە ژمارەیەکی زۆر کەم سڵاید بەکاربھێنیت. خۆت بەدوور بگرە لە بەکارھێنانی نوسین بە شێوەی لیست.
  • لە کاتی وانە ووتنەوەدا، ئەوەت بیربێت کە دەبێت زانیارییەکان بەکاربھێنیت و بیانخەیتە چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە.
  • بەکارھێنانی مۆسیقا یاخود کورتە ڤیدیۆی گونجاو بۆ زیاتر فراوانکردنی بابەتەکە دەبێتە ھۆی وەستاندنی وانەکە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی سەرنجی خوێندکارەکان. 

پێویستە هەتا چەند بەرکەوتن ھەبێت لەنێوان خوێندکاراندا لە کاتی وانە ووتنەوەدا؟

خوێندکاران چی بکەن؟ هەتاوەکو ئاستی بەریەککەوتنی خوێندکاران زیاتر بێت، ئاستی مانەوەی زانیاری و تێگەشتن لە چەمکەکان زیاتر دەبێت. ھەر ١٥ خولەک جارێک پێویستە خوێندکاران بەو زانیارییانە شتێک ئەنجام بدەن.

  • داوای ئەوەیان لێبکە کە نەخشەیەک، گرافێک یاخود نەخشەی چەمکەکان بۆ ئەو بیرۆکانە بکێشن کە تۆ پێتداون.
  • داوایان لێبکە بیرۆکە سەرەکییەکان پوختە بکەن.
  • داوایان لێبکە پێشبینی ئەوە بکەن کە چی ڕوودەدات و لەگەڵ ھاوڕێکەیان باسی بکەن.
  • داوایان لێبکە “ئاڵۆزترین خاڵ” لە وانەکەدا دیاریبکەن.
  • داوای ئەوەیان لێبکە کە ئەگەر ئەزمونێکی دیاریکراویان هەبوو لە بابەتێکی وانەکەدا، ئەوا لەگەڵ ھاوڕێکەیاندا ھاوبەشی پێبکەن.

چۆن بزانم کە ئایا خوێندکارەکانم فێربوون لە وانەکەی منەوە؟

زوو زوو خوێندکارەکانت ھەڵبسەنگێنە، چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەمەش بریتییە لە: زۆر ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنی کورت و خێرا، سەیرکردنی تێبینییەکانیان، بەکارھێنانی سیستمی وەڵامدانەوە لە پۆلدا، سەیرکردنی پوختەکانیان.

  • تاقیکردنەوەی ھەفتانە دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی توانای مانەوەی زانیاری بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێشکیان دا، بەتایبەت ئەگەر ڕاستەوخۆ فیدباک وەربگرن. دەتوانیت لەڕێی کانڤاس، هەندێک سیستمی دیکەی وەڵامدانەوەی ناو پۆل، ئامێر یان ئەپلیکەیشنەوە بە ئاسانی ئەمە ئەنجام بدەیت.
  • ئەنجامی هەڵسەنگاندنی تێگەشتنی خوێندکارەکان بەکاربھێنە بۆ داڕشتنەوەی وانەی داھاتوو.
  • کاتێک پرسیار لە تەنها ژمارەیەکی کەم خوێندکار دەکەیت و وەڵامی ڕاستت پێدەدەن، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ھەموو پۆلەکە لە بابەتەکە تێگەشتوون. 

بۆچی ئەمە گرنگە؟

ھۆکاری سەرەکی وانە ووتنەوە بریتییە لە زیادکردنی ئەو زانیارییانەی کە خوێندکاران لەڕێگەی دیکەوە بەدەستی دەهێنن. دووبارە کردنەوەی ئەو بابەتانەی کە خوێندکاران ھەر خۆیان خوێندویانەتەوە، ھیچ گرنگییەکی نییە؛ پێویستە ھۆکارێکیان پێ بدەیت بۆ ئەوەی بێنە وانەکەتەوە. پێویستە وانەکان ئاستی زانیاری خوێندکاران بەرزبکەنەوە. بۆ ووتنەوەی وانەیەکی باش:

  • بنەمایەکی بیرۆکەییان پێبدە بۆ زانیارییەکان.
  • یارمەتی خوێندکاران بدە لە ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییەکان.
  • لایەنە لێکچوو و جیاوازەکانی چەمکەکان دەستنیشان بکە.
  • زانیاری و ئەزمون و چیرۆکی ژیانی تایبەتی خۆتیان بۆ باس بکە.
  • سەرچاوە جیاوازەکانی زانیارییان بۆ پوختە و ئاوێتە بکە.
  • بابەتەکان بە شێوەیەک ڕێکبخە کە لەگەڵ ئامانجەکانی کۆرسەکەتدا بگونجێن.
  • چۆنییەتی بەکارھێنانی چەمکەکانیان پیشانبدە.
  • پیشانیان بدە کە سیستمەکە چۆن مامەڵە لەگەڵ سەلماندن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەدا دەکات.
  • پەرۆشی و خۆشەویستی بۆ سیستمەکە بخەڕوو.

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه 

ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: لێزان غازی محمد

ھەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود

دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Feropedia

فێرۆپيديا پڕۆژەيەكى په‌روه‌رده‌يى كوردييە كە ئامانجى مامۆستايان و كەسانى پەروەردەيى و بەڕێوبەرو پلاندانەر ودايك و باوكانە بە تايبەتى. به‌گشتيش قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەيى و زانكۆو پەيمانگاكانە. بيرۆكەى پڕۆژەكە لەلايەن گروپێك لە مامۆستايانى دەرچووى زانكۆو خاوەن بڕوانامەى باڵاو توێژەرانى بوارى پەروەردە و وانە ووتنەوەو ڕاهێنەرى مامۆستايان لە ناوو و دەرەوەى كوردستان داڕێژراوە. ئەم دەستەيه‌ ئيش لەسەر وەرگێڕانى بابەت و توێژينەوە پەروەردەيى و دەركراوە ئەكاديمى و ڤيديۆ پەروەردەييەكان دەكات بۆ زمانى كوردى لە پێناو خستنەڕوويان بۆ خوێنەرانى كورد بە شێوەيەكى ئاسان و بينراو و بيستراو.

لێرەش بگەڕێ

ووتنەوەی ئینگلیزی بە فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت – ئەفسانەکان و ڕاستییەکان

لەم ووتارەدا، ماری دیلانی لە هەندیک لەو ئەفسانانە دەکۆڵێتەوە کە دەربارەی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی …

Share via
Send this to a friend