٣٠ تەکنیک بۆ ‌هێورکردنەوەی پۆلێکی پڕ ژاوەژاو

تۆد فنلی کە مامۆستای زانکۆیە و ئەزموونی وانە وتنەوەی لە هەموو قۆناغەکانی قوتابخانەشدا هەیە دەڵێ:

“ڕۆژێک لە پۆلدا و لەبەردەم ٣٦ قوتابی قۆناغی دووەم کە هاتوهەرایەکی زۆریان نابویەوە، بەتوندی دەستم گرت بە سنگمەوەو کەوتمە سەر ئەژنۆ وەک ئەوەی کۆتا ساتی ژیانم بێ. دەستبەجی بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر پۆلەکەداو هەموویان واقیان وڕماو دەمیان داچەقاند. هەستامەوە وەک ئەوەی هیچ شتێ ڕووی نەدابێ و وتم “سوپاس بۆ سەرنج و گوێگرتنتان. با لەسەر بابەتی ئەمڕۆمان بدوێین کە شیعری خۆشەویستیە.”

من هیچ کاتێکی تر ئەو نمایشەم نەکردەوە. بەڵام بیرم کردەوە کە ئایا دەبێ ڕووداوێکی فریاکەوتن و ترسێنەر ڕوبدات تا کەشێکی ئارام بڕەخسێ لە پۆلدا؟ کەواتە وابزانم باشترە کە قوتابیەکان پەیوەندی بە ١٢٢ەوە بکەن نەک ڤیدیۆی جەستەی بێجوڵەم بکەن و لە یوتیوب پۆستی بکەن.

زۆربەی مامۆستاکان چەند ڕێگەیەکی بێدەنگکردن بەکاردەهێنن، بۆ نمونە لێدانی ڕووناکی، لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە،دەست بەرزکردنەوە ، وتنی ئاگاتان لێرەبێ یان بەکارهێنانی تەکنیکی “پێنجم بەرێ“ی هێنری وۆنگ کە داخوازیەکە مامۆستاکە دەیلێت تا قوتابیەکان ئاگاداربن:

١.  سەیری قسەکەر بکەن

٢.  بێدەنگ بن

٣.  ئارام بن و مەجوڵێن

٤.  هیچ بەدەستیانەوە نەبێت

٥.  گوێبگرن

هەروەها جۆری “سێ پەنجە”ش هەیە بەواتای وەستان و سەیرکرن و گوێگرتن دێت. بەخۆشحاڵیەوە هیچ یەکێک لەمانە بە گزی و فێڵی تەندروستی دانانرێن.

لەمانەی خوارەوە ئاشنا دەبیت بە هەندێ تەکنیکی دەگمەن بۆ هەموو قۆناغەکان.

رێگاکانی هێورکردنەوەی بازنەی یەکەم ( باخچە و پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی)

نوێترینیان هێورکردنەوەیە بەدەنگی زڕزڕە یان زەنگی مۆسیقی کە سەرنجی قوتابیان رادەکێشن. بێث ئۆو لە بلۆگی “بەردی بناغە بۆ مامۆستایان” دا بە قوتابیەکانی دەڵێت “مارشمێلۆو هەڵبەنە دەمتان،” پاشان دەمی پڕ دەکات لەهەوا و مناڵەکانیش لاسایی دەکەنەوە. چونکە ماحاڵە بتوانی قسە بکەیت کاتێک مارشمێڵۆوێکی خەیاڵی دەمی پڕ کردبی.

ڕێگایەکی تری خەیاڵی هاوشێوە هەیە کە ئەویش پڕکردنی بوتڵێکی میعجیزەیە لە زەیتی کانزایی گوڵە ئەرخەوان و گۆڕینی ناوی بوتڵەکەیە بە “سپرای بێدەنگی.” هەروەها دەتوانی کەفی گڵۆپکردن بەکاربهێنی بۆ هەمان مەبەست.

دەتوانی سوود لە لایەنی ئەلیکترۆنیش وەربگریت. بۆ نمونە بەرنامەی “Box Sound Super” بەکاربهێنە وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە کە زیاتر لە سەد دەنگی جیاوازی تێدایە، یان “Dojo Class” بەکاربهێنە کە بەرنامەیەکە مامۆستاو باوان دەبەستێتەوە و، لە ڕێیەوە مامۆستا دەتوانێت ڕاپۆرت و وێنە و ڤیدیۆی قوتابی بگوێزێتەوە بۆ باوان. هەروەها بەرنامەی “Noisy Too” هەیە کە دەتوانیت لەسەر سیستمی ئەپڵ و ئەندرۆید باکاری بهێنیت. ئەم بەرنامەیە ئاستی دەنگەدەنگی پۆلەکە دیاری دەکات و بە سیگناڵێکی دەنگی هەمووان ئاگادار دەکاتەوە لە بەرزی دەنگیان.

ئەو تەکنیکانەی کە یارمەتیت دەدەن سەرنجی قوتابیانی بازنەی دووەم (پۆلی چوار بۆ نۆیەمی بنەڕەتی) پێ بەدەست بهێنیت

ئەو کاتانەی کە وانەی پۆلەکانی ناوەندیم دەوتەوە، بۆ کۆتایهێنان بە چالاکیەک ئاگادارمدەکردنەوە بەوتنی “بێدەنگی ٢٠.” ئەگەر قوتابیەکان بگەڕانایەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و بەتەواوی ئارام و بێدەنگ بونایە لەماوەی ٢٠ چرکەدا، ئەوا هەنگاوێک دەچونە سەرەوە لە یاری مار و پەیژەکەدا. کاتێک بگەیشتنایە کۆتا وێستگە ژمارە ١٠٠، کە ماوەی مانگێکی دەخایاند، ئاهانگی گەنمەشامیمان دەگێڕا وەک پاداشت و دەستخۆشی.

سەرنجتان ڕادەکیشم بۆ یەکێک لە ڕێگا زۆر نایابەکان بۆ پاراستنی ئارامی ناو پۆل. ئەویش وەستاندنی قوتابیەکانە لەبەر دەرگای پۆل کاتێک دوا دەکەون و پڕ وزەو جوڵەن لەوانەیە نەشیانەوێ گوێ لە وانەکە بگرن. بە هاتنەژورەوەیان کەشی پۆلەکە دەشلەژێنن. لەکاتی بەرەنگاربونەوەی ئەم حاڵەتانە، ڕۆب پلەڤن شارەزا لە بواری پەروەردەی ڕەفتارێ پێشنیار دەکات کە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی باش و پتەوت هەبێ لەگەڵ قوتابیەکاندا. بۆیە دەبێت پێش ئەوەی ئەو قوتابیانە بێنە ژورەوە هانیان بدە بە “سوپاسکردنیان لە ئیشە باشەکانیان،” وە “هاوڕێیانە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکە،” وە دڵنیایان بکەرەوە لەوەی کە وەک مامۆستا ئەتەوێ یارمەتیان بدەی تا سەرکەوتوو بن. بەم شیوەیە قوتابیەکان نزیک دەبنەوە و بەخۆشحاڵیەوە ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن. زۆر گرنگە دڵنیا ببیتەوە لەوەی کە ڕینماییەکان ڕوونن. وە کاتێکیش هاتنە ژورەوە، شوێنێکی گونجاوی دانیشتنیان بۆ دەسنیشان بکە و سەرقاڵیان بکە بە چالاکیەکی هەڵبژێردراو کە دەبێ لە کاتێکی دیاریکراودا تەواوی بکەن. بە شێوەیەکی گشتی چاودێریەکی ورد و پاڵپشتیەکی زیاتریان بکە.

دوو ڕێگەی تر بۆ بەدەستهێنانی سەرنجی قوتابیان هەیە لە کتێبی وەک پاڵەوان وانە بڵێرەوەی دەگ لیمۆڤ. ئەوانیش کەمترین بەکارهێنانی جوڵەی دەستە بەمەبەستی هێرش و ڕەخنە و تۆمەتبارکردن، وە بەکارهێنانی تەکنینکی ژماردن بەرەو خوار کە دەتوانی سوپاسی ئەو قوتابیانە بکەی کە گوێڕایەڵ دەبن با ناوهێنانیان لە کاتی ژماردنەکەدا. بۆ نمونە ١٠، ٩ … سارا..، ٦، ٥… محمد … ٢، ١.

بیرۆکەیەکی تر وتنی “وشەی هەفتە” یە کە خویندرابێت وەک: ژمارەی تەواو، کێش و سەروا یان ناوی شوێنەکان.

‌هێورکردنەوەی خوێندکارانی بازنەی سێیەم: ئامادەیی

هەندێ کات هەوڵێکی زۆرتری دەوێت تا پۆلە پڕ جموجوڵ و ژاوەژاوەکانی ئامادەیی دێنە سەربار و گوێڕایەڵ دەبن. ڕۆب جۆنسن لە وتاری “یاداشتنامەی وتنەوەی زمانی ئینگلیزی-ELT“دا پێشنیار دەکات کە مامۆستایان ئەم ڕینماییانەی خوارەوە بە گەورەیی لەسەر تەختە بنوسن:

“ئەگەر ئارەزوتانە بەردەوام بن لەسەر قسەکردن لە وانەکەمدا، ئەوا منیش ناچار دەبم لە کاتی پشوەکەتان بەرم. ئەو کاتەی ناوی بابەتەکە لەسەر تەختەکە دەنوسم، ئێوە دەبێت بە بێدەنگی دابنیشن. ئەگەر دوای ئەمەش هێشتا کەسێک هەبێ قسە بکات، پاش وانەکە بۆ پێنج خولەک دەهێڵرێتەوە لە پۆل.”

جۆنسن پێی وایە ئەم ستراتیژیە هەموو کات ئەنجامی باشی دەبێت، چونکە ئاگادارکردنەوەی پیویست دەداتە خوێندکارەکان.

تەکنیکێکی تر، مۆسیقایەکی کلاسیکی بە نزمی بخەرەسەر کاتێک خوێندکارەکان دێنە ناوپۆل، چونکە کەشێکی پرۆفیشناڵانە دەخولقێنێت. من مۆسیقام بۆ پۆلی دەکان لێ دەدا لەگەڵ چەند پایامێکی ئەرێنی بە ناڕاستەوخۆیی تا ئەوکاتەی وەڕسدەبوون وسکاڵایان دەکرد کە سەریان دێشێت پێی.

تەکنیکی بانگکردن و وەڵامدانەوە

هەندێ وتوێژی سەرنجڕاکێش هەن وەک ئەمانەی خوارەوە ئەتوانیت وەک ئاماژەپێدانی بێدەنگی بەکاریان بهێنیت. ئەوانەی سەرەتا بۆ قوتابیانی پۆلە بنەڕەتی و ناوەندیەکان گونجاون، وە ئەوانەی کۆتاییش بە کرداری تاقیکراونەتەوە کە شیاون لەگەڵ خوێندکارانی ئامادەیی. دەتوانی هەر وتەو شیعر و گۆرانیەکی تر بەکار بهێنی کە قوتابیەکانت پێیان خۆشە.

  • مامۆستا دەڵێت “پۆلی یەک.” قوتابیەکان وەڵام دەدەنەوە بە “ئازاو زیرەک.”
  • مامۆستا دەڵیت “یەک دوو هەرسێکی.” قوتابیەکان دەڵێن “پشە سوورە برسیەتی میاو میاو.” قوتابیەکان لاسایی دەنگی پشیلە دەکەنەوە.
  • مامۆستا دەڵێت “١ ٢ ٣ سەیری من بکەن.” قوتابیەکان دەڵێن “١ ٢ ٣ سەیری تۆ دەکەین.”
  • مامۆستا دەڵیت ” گوێگرتن لە مامۆستا.” قوتابیەکان دەڵێن “ئارام و بێدەنگ تێکڕا.”
  • مامۆستا دەڵیت “کەس نەڵێ کورد مردوە.” خوێندکاران دەڵێن “کورد زیندوە، زیندوە قەد نانەوێ ئاڵاکەمان.” خوێندکاران هەڵدەستنە سەرپێ و دەست دەخەنە سەر دڵیان.
  • مامۆستا دەڵیت “شەرتی ئەوەڵمان ڕێکی ناوخۆیە.” خوێندکاران دەڵێن “ڕێک نەبین نابین بە ‌هیچ، درۆیە.”

 هەندێ پێشنیار بۆ دەستبەکاربوون

 بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش و کاریگەرت هەبێ، سەرەتا پێویستە قوتابیەکانت ئاشنا بکەی بەو ڕێگە و پرۆسیجەرانەی بەکاریان دەهێنیت بۆ هێورکردنەوەیان، پاشان ڕاهێنانیان پێ بکە لەسەریان بەم شێوەیە: ڕێگە بدە دەنگە دەنگ بکەن تا سیگناڵی بێدەنگیان دەدەیتێ. ئەم ڕاهێنانە دوبارە بکەرەوە تا لەسەدا سەد جێبەجێی دەکەن. دوایش بۆیان ڕوونبکەرەوە کە ئاستی دەنگی گونجاو بۆ هەر بارودۆخێک چەنێک بێت. بۆ نمونە، بێدەنگی تەواوەتی کاتێ کە مامۆستا قسە دەکات یان دەنگی هێواش لەکاتی نوسینی وۆرکشۆپەکانیاندا و …هتد.

ئەگەر پۆلێک بەڕاستی بێزاریان کردیت، بەتایبەت و بە دەنگێکی پڕلە ووزە و متمانە ڕاهێنان بکە لەسەر وتنی ئەم ڕستەیە “وشەکانم زۆر گرنگن، قوتابیەکان گوێم لێدەگرن.” دووبارەی بکەرەوە تا ئەوکاتەی باوەڕت پێیەتی. لە کۆتاییدا، ئاسوودە بە چونکە تۆ تاکە مامۆستا نیت کە زۆران لەگەل بێدەنگکردنی پۆلێکی هاروهاج بکەی، بەڵکو لەکۆی سێ ملیۆن پەروەردەکاری ئەمەریکادا، لەوانەیە دوو یان هەرسێ ملیۆنەکە هەمان کێشەیان هەبێت.

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه

ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجی

وەرگێڕ: مژدە عادل حەمە صالح

هەڵەچن: خەبات رەفیق محمد

دیزاینەری وێنە: فێرۆپیدیا

دەربارەى Feropedia

فێرۆپيديا پڕۆژەيەكى په‌روه‌رده‌يى كوردييە كە ئامانجى مامۆستايان و كەسانى پەروەردەيى و بەڕێوبەرو پلاندانەر ودايك و باوكانە بە تايبەتى. به‌گشتيش قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەيى و زانكۆو پەيمانگاكانە. بيرۆكەى پڕۆژەكە لەلايەن گروپێك لە مامۆستايانى دەرچووى زانكۆو خاوەن بڕوانامەى باڵاو توێژەرانى بوارى پەروەردە و وانە ووتنەوەو ڕاهێنەرى مامۆستايان لە ناوو و دەرەوەى كوردستان داڕێژراوە. ئەم دەستەيه‌ ئيش لەسەر وەرگێڕانى بابەت و توێژينەوە پەروەردەيى و دەركراوە ئەكاديمى و ڤيديۆ پەروەردەييەكان دەكات بۆ زمانى كوردى لە پێناو خستنەڕوويان بۆ خوێنەرانى كورد بە شێوەيەكى ئاسان و بينراو و بيستراو.

لێرەش بگەڕێ

بەکارهێنانی ووچانەکانی مێشک بۆ گەڕاندنەوەی سەرنجی خوێندکاران

لە سەرەتاکانی پیشەی مامۆستایمدا، بە تێبینیەک بێزار بووم کە لە لایەن مامۆستایەکی جێگرەوەوە جێهێڵرابوو. ئەو نووسیبووی کە لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەی کە لەگەڵ خوێندکارەکانمدا بووە، خوێندکارەکان لە بەشی یەکەمی پۆلەکەدا بە دەم پۆلەکەوە هاتوون، بەڵام زۆربەیان پاش ٢٠ خوولەک لە ڕێنماییەکانی بێئاگا، سەرقاڵ بە ئیشی تر، تەنانەت تێکشکاو بوون. کاتێک لە خوێندکارەکانم پرسی کە چی ڕوویدا، هەموویان بە یەک دەنگ: "مامۆستا ووچانەکانی مێشکی پێ نەداین." کەواتە ووچانەکانی مێشک چین و چۆن دەتوانین بەکاریان بهێنین؟

Share via
Send this to a friend