پێنج خووه‌ باشه‌كه‌ی وانه‌بێژی

وه‌ك مامۆستاو فێرخواز هه‌موومان له‌ فێركاری و فێربوون چاوه‌ڕێی شتی جیاواز ده‌كه‌ین. هه‌ندێ فێرخواز پێشبینی كۆرسی قورس ده‌كه‌ن كه‌پڕبێت له‌ ڕێزمان و ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌وه‌. هه‌ندێكی كه‌ پێشبینی ڕێگایه‌كی فێربونی زیاتر كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تیایدا یاری به‌ زمانه‌كه‌ ده‌كه‌ن و زیاتر له‌ ڕێگه‌ی ڕاهێنانه‌وه‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنن.

هه‌ر جۆره‌ ستایلێك په‌یڕه‌و ده‌كه‌یت یاخود هه‌رستایلێك كه‌ فێرخوازه‌كانت چاوه‌ڕێن په‌یڕه‌وی بكه‌یت، چه‌ند ڕه‌فتارێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو مامۆستایه‌ك ده‌بێت ڕەچاوى بكات له‌ پۆلدا. ئه‌مانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی كاریگه‌ری فێربون. مامۆستاكان شێوازی جیاجیایان هه‌یه‌ زۆر جیاوازن له‌یه‌ك، به‌ڵام مامۆستا مه‌زنه‌كان تايبه‌تمه‌نديه‌كى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش كاكڵه‌ی خووه‌ باشه‌كانی وانه‌ وتنه‌وه‌ن. ئه‌گه‌ر بۆماوه‌ی یه‌ك خوله‌ك وانه‌ت وتبێته‌وه‌ یان بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ ده‌بێت ئه‌وه‌ بهێنیته‌ بیرت كه‌ بنچینه‌ی خووه‌ باشه‌كانی وانه‌وتنه‌وه‌ هه‌میشه‌ نوێگەريى باشن. كه‌واته‌ ئه‌و پێنج ڕه‌فتارو خووه‌ باش و سه‌ره‌كیه‌ی وانه‌ وتنه‌وه‌ چین؟ بۆ ده‌سكه‌وتنیان به‌رده‌وام به‌ له‌ خوێندنه‌وه‌.

  1. گرنگی پێبده‌

پێگه‌یشتوان، بازرگانان، فێرخوازانی لاو، ‌ هه‌موو جۆره‌كانی فێرخواز هه‌ر وشه‌یه‌ك له‌ پۆلدا ئه‌یڵێت به‌جدی وه‌ریده‌گرن، باوه‌ڕیان وایه‌ ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یڵییت زۆر گرنگه‌. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ هه‌ندێك جار هه‌ندێ ورته ‌ورتی قسه‌ی خۆشی ناو پۆل قورس ده‌ركه‌وێت.چونكه‌ فێرخوازه‌كان به‌وردی گوێ بۆ زانیارییه‌ گرنگه‌كان ده‌گرن له‌لایه‌ن تۆوە. ئه‌مه‌ش شتێكه‌ كه‌ ناگۆڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت ئاماده‌بیت بۆ ئەم  حاڵەتە، بۆيە گرنگه‌ كه‌ تۆ :

  • زۆر قسه‌ نه‌كه‌یت .
  • ئه‌و بۆشاییه‌ بێده‌نگه‌ی دروست ئه‌بێت پڕی نه‌كه‌یته‌وه.‌
  • ڕاست و ڕه‌وان بیت له‌و خاڵه‌ی ده‌ته‌وێت ئاماژه‌ی پێبكه‌یت.
  1. گوێیان لێبگره‌

تا ئێستا له پۆلێكدا بویت كه‌ تیایدا مامۆستاكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناكۆتا قسه‌ی له‌سه‌ر جۆرێكی تایبه‌تی مۆسیقا كردبێت؟  یاخود مێژووی زمان یاخود سیاسه‌ت؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ت به‌ڵێ یه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ زۆره‌ كه‌ ئه‌و مامۆستایه‌ به‌ كاریگه‌ری ڕەهايى بوونەوە دەناڵێنێت. ‌

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مامۆستاكه‌ حه‌زه‌كانی خۆی له‌ سه‌روی حه‌زی فێرخوازه‌كانی داده‌نێت. هه‌ندێك جار مامۆستاكان پێیان قورسه‌ ده‌رك به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ئه‌وه‌ی ئه‌وان  حه‌زیان لێیه‌ حه‌زی فێرخوازه‌كانیان نیه‌.

كه‌واته‌ چۆن ده‌توانیت له‌مه‌ خۆت به‌دور بگریت؟باشه‌، هه‌ندێك له‌مانه‌ تاقیبكه‌ره‌وه‌ :

  • پرسیار له‌ حه‌زی فێرخوازه‌كانت بكه‌.
  • گوێ بگره‌ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن له‌نێوان خۆیاندا.
  • هه‌ركاتێك ویستت باسی بابه‌تێك بكه‌ی كه‌ بەلاتەوە باشە پرسیار له‌ خۆت بكه‌: ئایا لای فێرخوازه‌كانیشم سه‌رنج ڕاكێشه‌؟
  1. كراوه‌به‌ به‌ڕووی پرسیاره‌كانیاندا

زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان خۆیان هه‌ڵیان بژاردووه‌ له‌پۆلدا بن. له‌ كاتێكدا هه‌ندێكیش هه‌یه‌ كه‌ به‌زۆر ئاماده‌ن له‌پۆل چونكه‌ خاوه‌ن كاره‌كانیان پاره‌ی كۆرسه‌كانیان بۆ ئه‌ده‌ن یاخود خوێندكارن له‌ قوتابخانه‌.  زۆرينه‌ به‌ هه‌ڵبژارده‌ی خۆیان هاتوون. ئه‌مه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ دێت ژماره‌یه‌كی زۆر فێرخواز به‌ شێوازو هۆكاری جياواز هانده‌درێن.

ئه‌مه‌ش ئه‌و هانده‌ره‌ به‌رده‌وامه‌یه‌ كه ‌له‌پرۆسه‌ی زماندا ئه‌یانهێڵێته‌وه‌و سه‌رقاڵیان ده‌كات. زۆرینه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پۆل شتی زیاده‌ ده‌كه‌ن وه‌ك  گوێرتن له‌ هه‌واڵی ڕادیۆ و سه‌یركردنی زنجیره‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی یان ڕاهێنانی قسه‌كردن له‌ كافێكاندا.

له‌ ئه‌نجامدا پرسیارێكی زۆریان له‌سه‌ر زمانه‌كه لادروست ده‌‌بێت. ده‌توانی سود له‌مه‌ وه‌ربگریت له‌ڕێگه‌ی ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

  • كاتێكی تایبه‌ت دابنێ له‌ وانه‌كه‌دا بۆ هه‌ر پرسیارێكی په‌یوه‌ست به‌ زمانه‌وه‌.
  • هاندانی فێرخوازه‌كان تا پرسیار بهێنن بۆناو پۆل.
  • له‌ كۆتای هه‌ر ڕاهێنانێكی زمانه‌وانیدا كاتێك دابنێ بۆ ڕوونكرده‌وه‌ی پرسیار.
  1. ڕێگه ‌بده‌ قسه‌بكه‌ن

تۆ زمانه‌كه‌ ده‌زانیت، ده‌توانیت به‌ زمانه‌كه‌ قسه‌بكه‌یت. هه‌موومان ده‌زانین مامۆستا زمانه‌كه‌ ده‌زانێت. به‌ڵام فێرخوازه‌كان زمانه‌كه‌ نازانن،  بۆیه‌ له‌وێن تا په‌ره‌ به‌ كارامه‌ییه‌ زمانه‌وانیه‌كانیان بده‌ن.

ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتوون كه‌ ته‌نها وانه‌یان پێ بوترێته‌وه‌ له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌وه‌ به‌ڵكو بۆ په‌ره‌پێدان و ڕاهێنانی ئه‌وه‌ش هاتوون كه‌ پێشترفێری بوون و ئه‌وه‌شی كه‌له‌ ئێستادا فێری ئه‌بن. ده‌توانی زۆر له‌م ڕاستیانه‌  وه‌ده‌ستبخه‌ی به‌ ئەنجامدانى ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

  • هه‌موو هه‌لێك بقۆزه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێرخوازه‌كانت قسه‌بكه‌ن .
  • كاتێك تاكێك پرسیارێك ده‌‌كات چانسى تەواو بده‌ به‌ هه‌موو پۆله‌كه‌ تا ئه‌وان یه‌كه‌مجار وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌.
  • پلانی گفتوگۆی دوو كه‌سی یان گروپ دابنێ له‌ هه‌ر وانه‌یه‌كدا.
  1. پلان دا بنێ و به‌نه‌رمی له‌گه‌ڵی بڕۆ

دووشت هه‌یه‌ كه‌ فێرخوازه‌كان نه‌ك هه‌ر چاوه‌ڕێین له‌ مامۆستاكه‌ به‌ڵكو داخوازی ده‌كه‌ن:

  • ئاماده‌سازی
  • گونجاندن و له‌گه‌ڵ ڕۆشتن

ئه‌مه‌ باڵانسێكی گونجاوه‌ هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئاسان نیه‌. ده‌ركه‌وتن له‌ وانه‌یه‌كداو ‌وتنی “ئه‌مڕۆ چیتان ئه‌وێت؟” زۆر نه‌شاره‌زاییانه‌ و بێ پلان ده‌‌بینرێت، ئه‌گه‌‌رچی ئامانجیشت گونجاندن بێت. له‌ لایه‌كی تره‌وه به‌ڕێوه‌بردنی  وانه‌یه‌ك به‌ توند پابه‌ندبوون به‌ نه‌خشه‌ی وانه‌كه‌وه‌ زۆر بێزاركه‌ر ده‌بێت بۆ فێرخوازه‌كان. چونكه‌ ئه‌وانیش پرسیارو داواكارییان هه‌یه‌ كه‌ حه‌زده‌كه‌ن بيزانن كاتێك بۆیان دێته‌پێشه‌وه‌.‌

كه‌واته‌ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ چییه‌؟ زۆر ئاسانه‌ . . . .

نه‌خشه‌ی وانه‌كه‌ت دابنێ به‌ڵام ئاماده‌به‌و له‌گه‌ڵی بڕۆ.

 سه‌رچاوه‌ی بابه‌ت: ئيره ببينه 

سەرچاوەى وێنە: ئيره ببينه

وه‌رگێڕ: كانی عبدالله‌

هه‌ڵه‌چن: دابان بەهمەن أحمد

دیزاینه‌ری وێنه‌: فێرۆپيديا

دەربارەى Kany Abdulla

کانى عبداللە دەرچوى بەشى زمانى ئینگلیزییە لە زانکۆى سلێمانى،وە هەڵگرى بڕوانامەى باڵاى وانەوتنەوەیە لە زمانى ئینگلیزى بە کەسانى بیانى. لە بوارى جیاجیادا ئیشى کردووە وەک بوارى فرۆشتن و دیزاینى ناوماڵ و ژمێریارىو وانە وتنەوە و وەرگێڕان. ئەو پێى وایە بنەماکانى بەڕێوەبردنێکى سەرکەوتوانەى ناو پۆل پەیوەستە بە خوێندنەوەى مامۆستا لە بوارەجیاوازەکاندا و سود وەرگرتن لە مامۆستایانى بە ئەزموون لە بوارى وانەوتنەوە و بەڕێوەبردنى ناو پۆلدا.

لێرەش بگەڕێ

ووتنەوەی ئینگلیزی بە فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت – ئەفسانەکان و ڕاستییەکان

لەم ووتارەدا، ماری دیلانی لە هەندیک لەو ئەفسانانە دەکۆڵێتەوە کە دەربارەی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی …

Share via
Send this to a friend