سەرچاوەى وێنە: http://edu.stemjobs.com/

پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار

 ئەو تایبەتماندییانە چین کە دەبێت لە مامۆستایەکدا هەبن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی پتەو درووستبکات لەگەڵ فێرخوازانی؟ پەیوەندی نێوان مامۆستا و خویندکار پەیوەندییەکی هاوتەریب و کارلێککەرە، هەر رەفتارێک، گوفتارێک ئەنجامی دەدەن بە درووست و نادرووستییەوە دەرەنجامی ڕاستەوخۆ لەسەر یەکتر بەجێدێڵن. لە ناهەمواری ئەو پەیوەندییەدا فێرکار ناتوانێ فێربکات و فیرخوازیش ناتوانێ فێرببێت.مامۆستا و خویندکار دوو ڕەهەندی سەرەکی و دوو هاوکۆی بنەڕەتین لە هاکۆکانی کاری پەروەردە و فێرکردندا. پەروەردە ئەکادیمییە ناسراوەکان و پسپۆرانی دەروونناسی پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار وا وەسفدەکەن کە: میهرەبانترین، کاریگەرترین، پیرۆزترین، راسترین و جوانترین کاری پەروەردەیی پەیوەندییە درووستەکانی نێوان مامۆستا و خوێندکارن، تا ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر، باشتر و درووستربن دەرەنجامەکانی شیرینتر و باشتر دەبن. پەیوەندییەکی باش درووست دەبێت ئەگەر هاتوو مامۆستا دڵسۆز، میهرەبان، بەتوانا، خۆگر، لێهاتوو، هاوخەم و قسەخۆش بێت.

 پەیوەندی نیوان مامۆستا و خوێندکار، لەسەر بنەمای خۆشەویستی، رێز، دڵسۆزی، سۆزداریی، ئەمەکداری و پێزانین بنیات نراوە. مامۆستای سەرکەوتوو بە جوانترین شێوە و ڕەفتار میهری خۆی دەبەخشێ هاوشێوەی جگەرگۆشەکانی خۆی بە نەرمی و نازەوە بێ جیاوازیی ڕەگەزی، جوانی، خزمایەتی، ئایینی هتد…رەفتاریان لەگەڵدا دەکات. هەوڵی بنیاتنانی رێز، خۆشەویستی سۆز و دڵسۆزی لە نێوان خۆیان و قوتابییەکانیان دروست دەکەن. دەرەنجامی ئەو شاڕەفتارانەیە کە خوێندکار مامۆستای خۆش دەوێت و ئارەزووی قسەکردن، دانیشتن، گویگرتن، وێنەگرتن، نانخواردن دەکەن لەگەڵیاندا. بە شێوەیەکی تر مامۆستا ئەندازیاری بنیاتی کەسایەتی، گەشەی زانستی خوێندکاره‌.

 زانای پەروەردەناس (جۆن دێوی) دەڵێ:” منداڵ ئەو خۆرەیە، کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسوڕێنەوە” خوێندکار چێژ لە مامۆستایەک دەبینێ کەبە روویەکی خۆش و گەشەوە، بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستییەوە، بە زەردەخەنەی ناسک و شیرینەوە پێشوازی لە قوتابییەکانی دەکات، بە ئەوپەڕی بڕوا و گەشبینییەوە، بە سەرکەوتووییەوە، کرداری فێرکردن و پەروەردەیی ئەنجام دەدات. رۆڵی مامۆستای سەرکەوتوو تەنها فێرکردن و پەروەردە نییە، بەڵکو بنیاتنانی کەسایەتییەکی باڵای دروستی قوتابیە. مامۆستای کارامە و لێزان هەمیشە خۆشنودی، ئامانجی گەش و گەشبینی دەخاتە یادگەی خوێندکارەکانییەوە ئەوکات پەیوەندییەکی باش خوێندکاریکی باش، پۆلێکی باش، دەوروبەرێکی باش دەئافرێنێ. بێگومان هیچ کەسێ ئینکاری لە گرنگی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان مامۆستا وخوێندکار ناکات، کە دەرەنجامی گەورەیان لە سەرکەوتنی کاری پەروردەی دروست و فێرکردن دا هەیە، تا ئەو ئاستەی کە رەنگدانەوەشیان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی خویندکاردا دەبێت.

 هەر تاکێک لەئێمەش ڕۆژانێک رۆلی خوێندکاریمان بینیوە و باش لە یادمانە، کە ئەو وانانەمان بەلاوە خۆش و سەرنجڕاکێش بوون کە مامۆستای وانەکە پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەلمان بەستبو و هاندانیان هەبوو بەرامبەرمان پێیان دەگوتین ئافەرین زۆر زیرەکن یاخود ڕەفتارێکی جوانتان ئەنجامداوە ئاسودەییەکی بێوێنە و گڕووتینێکی زۆر ڕووی تێمان دەکرد کە ئارەزوومان بۆ ئەو وانەیە چەندان جار زیادی دەکرد. لەتەک ئەوەشدا ئەو وانانەمان بەلاوە ناخۆش و بیزارکەر بوون کە مامۆستاکەمان مامەڵەیەکی نادرووستى لەگەڵ دەکردین و زۆرینەی کەوتوەکانی ساڵ هی ئەو مامۆستایە بوون کە پەیوەندی درووستیان لەگەل خویندکاراندا نەبوو.

 زۆر کات لە ئەنجامی نەبوونی ئەو پەیوەندییە گەرمەدا خویندکار دەکەوت و تا دەگەیشتە ئەو بروایەی کە من تا وەکو ئەم مامۆستایە وانەم پێ بڵیت من دەرناچم زۆر جاریش پەنا دەبرایە بەر وازهێنان لە خوێندن… مامۆستایانی میهرەبان و دلسۆز گەوهەرێکی بێوینەن لە ئاسمانی پەروەردەی داهاتووماندا، شایەنی ئەوپەڕی رێز ، پیزانین و خزمەتکردنن… پێویستە مامۆستا بە رەفتار و گوفتارەکانی ببێت بە پێشەنگ و بە نموونەیەکی باڵا بۆ نەوەی داهاتوو بەتایبەتی تریش ئاستی سەرەتای چونکە خویندکاران لە ساڵانی یەکەمی قۆناغی تەمەنیان دا لاساییکەرەوەن، لە گەورەکانەوە بە تایبەتیش لە ئەندامانی خێزانەکانیان و لە مامۆستاکانیانەوە بەهـا باڵاکان فێردەبن و کاریگەریان لەسەر ژیان و رەفتارەکانیان دەبێت لە ئەمڕۆ و داهاتوودا.

سەرچاوەى وێنە: ئيره ببينه

نوسه‌ر: هيوا عه‌لى

هه‌ڵه‌چن‌: خه‌بات ره‌فيق محمد

ده‌نگ: لانه‌ سواره

ئاماده کردنی وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Hiwa Ali Mohammed

هیوا علی محمد موالیدی ۱۹۹٤ م لە حاجیاوا دادەنیشم. بروانامەی بەکالۆریۆسم هەیە لە زمانی ئینگلیزیدا لە زانکۆی گەرمیان کۆلیژی ئاداب، ئیستا مامۆستام لە فێرگەی ئەهلی ئینگلیزی FAM لە ڕانیە. دوو کۆرسم کردۆتەوە بۆ زمانی ئینگلیزی بۆ ئاستی بنەرەتی، ناوەندی، ئامادەی و زانکۆ. لە فێرگەدا وانەی دیسکەڤەری دەڵیمەوە بە زمانی ئینگلیزی. بروام وایە فێربوون گرێدراوی پەیوەندییە لە نێوان فێرکار و فێرخوازدا. چەپاندنیش تاکە هۆکاری ترس و شەرمە لای منداڵ.

لێرەش بگەڕێ

ووتنەوەی ئینگلیزی بە فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی تایبەت – ئەفسانەکان و ڕاستییەکان

لەم ووتارەدا، ماری دیلانی لە هەندیک لەو ئەفسانانە دەکۆڵێتەوە کە دەربارەی فێرخوازانی خاوەن پێداویستی پەروەردەیی …

Share via