Photo by Paul Bersebach, Orange County Register/SCNG

چۆن بەستەڵەک بشکێنین؟

 

پێنج ڕێگەی داهێنەرانە بۆ ئەوەی پۆلەکەت بهێنیتە قسەکردن. 

بەکارهێنانی بەستەڵەکشکێن گرنگە لەکاتێکدا کە لە هەوڵی ناسینی خوێندکارەکانتدایت.

سودی هەیە تەنانەت لەکاتێکدا کە خوێندکارەکانیشت بەباشی یەکتری ناناسن. بە پشتبەستن بە شێوازی ڕێکخستنی پۆلەکان لەلایەن قوتابخانەکەتەوە دەتوانیت بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم چالاکییانە بەکاربهێنیت لە سەرەتای ساڵی خوێندندا. هەروەها دەتوانیت بەستەڵەکشکێن بکەیت بە چالاکی و بەکاریبهێنیت لە دەستپێکی وانەی نوێدا. هەندێکجار ئاسانترە بۆ خوێندکاران بیرۆکەکانیان هاوبەشی پێبکەن ئەگەر بزانن کە پێویستە لەسەر تەواوی پۆلەکەش وەکو ئەوان بیرۆکەکانیان هاوبەشیپێبکەن.

ئەمانەی خوارەوە هەندێک بەستەڵەک شکێنی چێژبەخشن کە دەتوانیت بۆ هەموو پۆلێک بەکاریان بهێنیت.

ئەم بەستەڵەک شکێنانە تاقی بکەرەوە:

١. ناوەکان فێربە:

بە مەبەستی فێربوونی ناوی خوێندکارەکان، دەتوانیت چالاکییەک ڕێکبخەیت کە تیایدا خوێندکارەکان بە نۆرە ناوی خۆیان بڵێن. دەتوانیت چالاکییەکە گەرموگوڕتر بکەیت بەوەی خوێندکارەکان پێش ووتنی ناوی خۆیان ناوی ئەو خوێندکارە بڵێن کە دواجار ‌ناوی خۆی وتووە یاخود تەنانەت ناوی هەموو خوێندکارەکانی تر بڵێن کە پێشتر ناوی خۆیان وتووە. بۆ ئەوەی چالاکییەکە چێژبەخشتر بێت و زیاتر لەبارەی پۆلەکەتەوە بزانیت، داوا لە خوێندکارەکان بکە كە شتی تایبەتی وەکو پەسەندترین دانەوێڵە، ڕەنگ، وەرزش، یاخود فیلمی خۆیان بڵێن. لە کۆتایی چالاکییەکەدا پێویستە ئەوپەڕی هەوڵ بدەیت کە ناوی هەر خوێندکارێک بهێنیت. ئەگەر بۆ یەکەمجارە خوێندکارەکان ناوی هاوپۆلەکانیان فێردەبن، ئەوە بۆ ڕاهێنانی زیاتر هەندێک چالاکی تری فێربوونی ناو ڕێک بخە. لە چالاکیەکدا، با خوێندکارەکان بەشێوەی بازنە ڕابوەستن، هەر خوێندکارێک لە نۆرەی خۆیدا پێویستە ووشەیەک یاخود ڕستەیەکی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە بڵێت کە تۆ هەڵیدەبژێریت، دواتر ناوی هاوپۆلێکی دەهێنێت بۆ نۆرەی داهاتوو.

٢. کەسێک بدۆزەرەوە کە …:

ئەگەر خوێندکارەکان ناوی یەکتر دەزانن، وایان لێ بکە دەربارەی هەندێک بابەتی تر قسەبکەن لە ڕێی ئەنجامدانی چالاکی “کەسێک بدۆزەرەوە کە….”  کە تیایدا  خوێندکارەکان پرسیار دەکەن و وەڵام دەدەنەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵە وێنە و دەستەواژەیەک؛ و دەبێت بۆ هەر پرسیارێک کەسێک بدۆزنەوە کە بە “بەڵێ” وەڵام بداتەوە. شێوازی پرسیار بۆ ئەم چالاکیە دەکرێت بەم شێوەیە بێت “ئایا تۆ حەزت لە… هەیە؟”  یاخود “ئایا تۆ … هەیە”  دوای پێنج  بۆ دە خوولەک، کە دەکەوێتە سەر ژمارەی ئەو پرسیارانەی کە خوێندکارەکان دەبێت بیانپرسن، داوا لە هەمووان بکە دابنیشن و بە خوێنکارەکان بڵێ هەندێک لە وەڵامەکان بخوێننەوە.  بۆ نموونە “بێن حەزی لە تۆپی پێیە”.  بەم شێوەیە پۆلەکە دەربارەی هەر خوێنکارێک زیاتر دەزانن. هەوڵ بدە خوێندکارەکان هان بدەیت کە ڕستە لەسەر ئەوانە بدەن کە هێشتا ناویان نەهێنراوە، ئەمە دەرفەت دەڕخسێنێت کە هەمووان شتێک هاوبەشی پێبکەن.

‌٣.  ‌قسە بکە و لەبیرت بێت:

چالاکییەکی تر کە وا لە خوێندکارەکان دەکات قسە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە لە دەوروبەریان دانیشتوون.  بۆ نموونە داوا لە خوێندکارەکان بکە قسە لەگەڵ ئەو کەسەی لای ڕاستیان بکەن دەربارەی خولیاکانیان. پاش یەک یان دوو خولەک داوا لە خوێندکارەکان بکە ڕوو وەربگێڕن بۆ ئەو کەسەی لای چەپیان و قسە لەسەر بابەتێکی تر بکەن. یاخود دەتوانیت ئەمە بە شێوەی چالاکی تێکەڵ بوون ئەنجام بدەیت کە تیایدا خوێندکارەکان کاتێکی دیاریکراویان هەیە تا زانیاری بگۆڕنەوە پێش ڕۆشتن بۆ کەس و بابەتی گفتوگۆی داهاتوو. لە کۆتایی چالاکیەکەدا دڵنیابە لەوەی پرسیار لە هەندێک خوێندکار بکەیت دەربارەی ئەو شتانەی لەسەر هاوپۆلەکانیان زانیویانە بۆ ئەوەی ئەوپەڕی هەوڵ بدەن گفتوگۆکەیان لە یاد بمێنێت.

٤. چی گرنگە:

ئەگەر پۆلەکەت زۆر بچووکە ئەوا دەکرێت ئەو چالاکی یەکترناسینە ئەنجام بدەیت کە تیایدا خوێندکاران دەبێت بیر لە سێ شت بکەنەوە کە لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ دوورگەیەکی چۆڵ، دواتر لەگەڵ هاوپۆلەکانیان باسی ئەوە بکەن کە بۆچی یەکێک یاخود هەموو ئەو شتانەیان هەڵبژاردووە. ئەمە ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی بزانیت چی بەلای خوێندکارەکانتەوە گرنگە و تا چەند توانای ڕێکخستنی بیرۆکەکەنیان هەیە. ئەگەر پۆلەکەت گەورەترە، ئەوا دەتوانیت هەمان چالاکی لە شێوەی کۆمەڵە گروپێک ڕێک بخەیت ئەمەش ڕێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی وا لە خوێندکارەکان بکەیت لەگەڵ یەکتر قسەبکەن بەڵام ئەمە تۆ دوور دەخاتەوە لە زۆربەی چالاکییەکە. چالاکییەکی تری گرووپیی هاوشێوە ئەوەیە کە خوێندکارەکان یەکەم ووشە بنووسن کە دێت بە مێشکیاندا کاتێک گوێیان لە تۆ دەبێت ڕەنگێکی دیاریکراویان پێدەڵێیت. پاشان خوێندکارەکان دەتوانن لە گرووپەکانیاندا گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەن کە بۆچی ووشەیەکی دیاریکراویان هەڵبژاردوە یاخود تەنها ئەو خوێندکارەی کە نامۆترین ‌هەڵبژاردنی هەیە ڕوونکردنەوە لەسەر هەڵبژاردەکەی بدات. پاش چەند خولەکێک ڕەنگێکی تریان بدەرێ بۆ ئەوەی بیری لێبکەنەوە و گفتوگۆی لەبارەوە بکەن. لە کۆتایی وانەکەدا پێویستە گرووپەکان کورتەیەک دەربارەی گفتوگۆکەیان پێشکەش بە پۆلەکە بکەن.

٥. سێ هاوەڵناو کە وەسفی تۆ دەکەن:

بۆ دەستپێک، دەتوانیت داوا لە خوێندکارەکان بکەیت کە بە سێ هاوەڵناو وەسفی خۆیان بکەن.  لە کۆتایی ساڵدا ڕێگە بە خوێندکارەکان بدە هاوەڵناو بەکار بهێنن بۆ وەسفی هەموو هاوپۆلەکانیان، دوور لە زویر کردنی هەر کەسێک، و لە کۆتا وانەدا کورتەیەک پێشکەش بە خوێندکارەکانت بکە دەربارەی ئەوەی کە هاوپۆلەکانیان لەبارەیانەوە وتوویانە. ئەمەش هەندێک پاڵپشتی ئەرێنی بە خوێندکارەکان دەبەخشێت و خاڵە بەهێزەکانی کەسێتیان دەردەخات. جێی بایەخ دەبێت کە ئەو خاڵانە بەراورد بکرێت لەگەڵ ئەو هاوەڵناوانەی کە خوێندکارەکان بۆ وەسفکردنی خۆیان هەڵیانبژاردوە.

بەستەڵەک شکێنەکان(کرانەوەکانی سەرەتا) نایابن چوونکە هەل بۆ خوێندکارەکان دەڕەخسێنن کە زانیاری لەبارەی خۆیانەوە هاوبەشیی پێ بکەن و لەبارەی هاوپۆلەکانیشیانەوە بزانن. ئەم چالاکیانە زۆر جار دەبنە هۆی جووڵاندنی خوێندکارەن یاخود دەبنە هۆی ئەوەی داهێنەرانە بیر بکەنەوە.  دەکرێت زۆر چێژ بەخشبن و هۆکاری لەناوبردنی ئەگەری هەر ئاڵۆزی و نیگەرانیەک بن لە پۆلەکەتدا. زۆر گرنگە کە خوێندکارەکان بە ئاسانی لەگەڵ یەکتر پەیوەندی بکەن لەبەرئەوەى فێربوونی ئینگلیزی هەمووی پەیوەستە بە پەیوەندی کردنەوە.

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه

ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ:  شۆخان محمد هادی احمد

هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد

دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Shokhan Mohammed Hadi

شۆخان محمد هادی هەڵگری دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانکۆی سلێمانی. ئەزموونی کارکردنم لە خوێندنگا ناحکومی و پەیمانگاکانی فێرکردنی زماندا هەیە. باوەڕم بە گرنگی پەروەردە و ڕۆلی گەورەی مامۆستا هەیە. بۆیە پێم وایە پێویستە مامۆستا ئامادە بکرێت پاشان بنێردرێتە پۆلەکانی خوێندن؛ بۆ ئەمەش بە پلەی یەکەم هەوڵ و پەرۆشیی مامۆستا بۆ پیشەکەی خۆی، پاشان سیستمێکی پەروەردەیی پێشکەوتوو پێویستە کە بەردوام لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی مامۆستاو پشتگیریکردنیدا بێت. بەڵام نەبوونی سیستمێکی لەو شێوەیە هەرگیز ئاستەنگ نیە لەبەردەم خوێندنەوەو هەوڵی خۆ بەرەرەو پێشبردنی بەردەوام لە لایەن مامۆستا خۆیەوە؛ چوونکە پێم وایە مامۆستا بەرپرسی یەکەمە لە گەیاندنی زانیاری بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و لەبیر نەکراو. لە ئێستادا خوێندکاری ماستەرم لە (ئەدەبی جیهانی) لە ووڵاتی مالیزیا.

لێرەش بگەڕێ

بەکارهێنانی ووچانەکانی مێشک بۆ گەڕاندنەوەی سەرنجی خوێندکاران

لە سەرەتاکانی پیشەی مامۆستایمدا، بە تێبینیەک بێزار بووم کە لە لایەن مامۆستایەکی جێگرەوەوە جێهێڵرابوو. ئەو نووسیبووی کە لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەی کە لەگەڵ خوێندکارەکانمدا بووە، خوێندکارەکان لە بەشی یەکەمی پۆلەکەدا بە دەم پۆلەکەوە هاتوون، بەڵام زۆربەیان پاش ٢٠ خوولەک لە ڕێنماییەکانی بێئاگا، سەرقاڵ بە ئیشی تر، تەنانەت تێکشکاو بوون. کاتێک لە خوێندکارەکانم پرسی کە چی ڕوویدا، هەموویان بە یەک دەنگ: "مامۆستا ووچانەکانی مێشکی پێ نەداین." کەواتە ووچانەکانی مێشک چین و چۆن دەتوانین بەکاریان بهێنین؟

Share via
Send this to a friend