Gable Denims/500px

٥ پێشینەکەی بەڕێوەبردنی پۆل

بۆ بەڕێوەبردنی پۆل بە شێوەیەکی کاریگەر، پێویستە مامۆستایان پێشینە بدەن بە پێکهێنانی پەیوەندییەکان، سود وەرگرتن لە کات، هەروەها دانانی چەند پێوانەیەک بۆ ڕەفتارکردن.

بۆ ئەو مامۆستایانەی کە سەرەتای دەست کردنیانە بە وانە ووتنەوە، یان ئەو مامۆستایانەی کە وەکو من ئەگەڕێنەوە بۆ وانە ووتنەوە، قورسترین شت کە لێهاتوو بیت تیایدا بەڕێوەبردنی پۆلە. ناچاربووم دووبارە فێری هەموو ئەو شتانە ببمەوە کە لە دە ساڵ مەشق کردنی قورسەوە فێرببوم: باش بەڕێوەبردنی پۆل زیاترە لەوەی کە تەنها ڕەق و سەرکوتکەر بیت، و هەروەها زیاترە لە ڕێکخستنێکی سادە. ئەگەر بمەوێت پۆلەکەم بە ئاسانی بەڕێوەبچێت، دەبێت ژینگەیەکی فێرکردنی ڕێکخراو دابین بکەم کە تێیدا هەندێک ڕەفتاری دیاریکراو هان بدرێت و هەندێکی دیکەش پاڵپشتی نەکرێت.

بۆم دەرکەوتووە پێنج پێکهێنەری کاریگەری بەڕێوەبردنی پۆل هەن کە پێکهاتەیەکی تەواو بەهێز دادەمەزرێنن بۆ ڕاکێشان و هاندانی خوێندکار بۆ فێربوون:

١. گەشەپێدانی پەیوەندی کارکردنی کاریگەر لەگەڵ خوێندکاران

٢. ڕاهێنانی خوێندکاران لەسەر چۆنیەتی فێربوون لە پۆلەکەتدا

٣.  سود وەرگرتن لە کات و بەفیڕۆنەدانی

٤. پێشبینیکردنی ڕەفتارەکانی خوێندکار لە پلانی زۆر باش داڕێژراودا

٥. دانانی ئەو پێوانە ڕەفتارییانەی کە هانی فێربوونی خوێندکار دەدەن

 ١. پەیوەندی کاریگەر لەگەڵ خوێندکارەکانتدا پەرە پێبدە

گرنترین پێکهاتەی بەڕێوەبردنی پۆل پەیوەندییەکانە. پەیوەندیم لەگەڵ خوێندکارەکانم لە چونەژورەوەوە دەست پێدەکات کاتێک تەوقەیان لەگەڵ دەکەم و بە زەردەخەنەوە سڵاویان لێدەکەم (بەبێ گوێدان بە هەر ڕەفتارێکی نەشیاو کە دەکرێت ڕۆژی پێشوتر ڕووی دابێت). ئەو پەیوەندییانە بەهێز دەبن، بۆ نمونە، کاتێک ناوی خوێندکارێک دەهێنم و بە باشی ستایشی دەکەم. ئەو پەیوەندییانە پتەو دەبن کاتێک کە بە تەنها کات لەگەڵ هەر خوێندکارێک بەسەر دەبەم بۆ ناسینیان و پاشان بەکارهێنانی ئەو زانیارییانە بۆ ڕەخساندنی هەلی فێربونی تاکە کەسی.

لە پرۆگرامی گەشەپێدانی پرۆفێشناڵ، ڕاکێشانی دڵی منداڵان، خاڵێکی گرنگ هەبوو کە زۆرترین سوودی پێگەیاندم: ئەگەر پەیوەندییەکی باشم هەبێت لەگەڵ خوێندکارەکانم، ئەوا دەتوانم زیاتر و باشتر هانیان بدەم بۆ فێربوون لەبەر ئەوەی متمانەیان پێمە.

٢. خوێندکارەکانت ڕابهێنە لەسەر چۆنیەتی فێربوون لە پۆلەکەتدا

پێویستە خوێندکارەکانت ئەوە بزانن کە تۆ چاوەڕوانی ئەوەیان لێ ناکەیت خێرا فێرببن، و ئەوەی کە هەر تاکێک ڕێگای فێربوونی تایبەت بە خۆی هەیە، و هەروەها ئەوەی کە ئەگەر پەیڕەوی ئامۆژگاری و ڕێنیشاندانەکانی تۆ بکەن، ئەوا سەرکەوتوو دەبن لە خوێندندا.

ئەمە زیاترە لە تەنها قسە کردن لەبارەی پێدانی ئەرکی ماڵەوە، دواکەوتنی ئەرک، و ئامادە نەبوون. بەڵکو پیشاندانی خوێندکارەکانتە کە چۆن تۆ – لەگەڵیان—هەڵدەستیت بە دروست کردنی گروپێکی فێرکردنی زۆر کاریگەر و چالاک، بۆ نمونە، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەم لەسەر ئەوەی کە گرنگی ستراتیژێکی وەکو کۆرنێڵ نەوتس Cornell Notes (شێوازێکی تێبینی نووسین و وەرگرتنە) لەوەدا نییە کە پەڕەکە بکەیت بە دوو بەشەوە. سوودی ئەم ستراتیژییە لەوەدایە کە پرسیارەکان لە لای چەپی پەڕەکەوە بنوسیت کاتێک چاو بە تێبینییەکانیدا دەخشێنیتەوە، پاشان بەسەربردنی کات بۆ کورت و پوخت کردنەوەی ئەوەی کە فێری بوون. ئەو فەلسەفەی فێرکردنەی کە هەتە ڕێنوێنی شێوازی وانە ووتنەوەت دەکات؛ بۆیە فێری خوێندکارەکانتی بکە. بە ڕوونی بۆ خوێندکارەکانتی دیاری بکە چی دەکەیت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەیت فێربن و کاتێک کردت، بزانن چی دەکەیت و بۆچیش دەیکەیت، و ئەو کات ئەوانیش زیاتر خوازیاری یارمەتیدان دەبن.

٣. سوود لە کات وەربگرە و بەفیڕۆی مەدە

بەڕێوەبەری باش لە ناو پۆلدا دەبێت بە پێداویستییەکانەوە ئامادە بێت و بزانێت چۆن خوێندکارەکان لە چالاکییەکەوە بگوازێتەوە بۆ یەکێکی تر بەبێ بەفێڕۆدانی کات. یەکەم شت کە دەتوانرێت بکرێت بۆ زیاد کردنی کارامەیی ئەکادیمی خویندکارەکان ئەوەیە کە کاتی فێربوون زیاد بکرێت. کات بەفیڕۆ دەچێت بە تۆمارکردنی ئامادەبوونی خوێندکاران، ئاگادارییەکان، بانگ کردن بۆ ژووری بەڕێوەبەر، پشووی نێوان وانەکان، خشتەی کۆبونەوە بۆ هاندانی تیپە وەرزشییەکان، کۆبونەوەکانی پۆل، پێشکەشکردنە تایبەتەکان، بۆنەکانی دابەشکردنی خەڵات، ئاهەنگەکان و ژمارەیەکی زۆر شتی تر.

هەندێک پێبڕین و کات فەوتاندن هەیە کە ناتوانیت خۆتی لێ لابدەیت، بەڵام سەرکەوتوو بوون لە بەڕێوەبردنی پۆلدا بریتییە لە بەڕێوەبردنی کات، بەفیڕۆنەدانی، و هەروەها سود لێوەرگرتنی لە پێناو باشترین بەرژەوەندییەکاندا. لە کتێبی وەک پاڵەوان وانە بڵێرەوەدا، نووسەر دۆگ لێمۆڤ بە شێوەیەکی کاریگەر ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن هەندێک ڕۆتین بەکاربهێنرێت بۆ کەم کردنەوەی کاتی بەفیڕۆچوو لە چالاکییەکانی وەک دانەوەی پەڕەی خوێندکاران؛ هەروەها هەندێک ڕۆتین ڕوون دەکاتەوە کە یارمەتی خوێندکاران دەدات لە ڕاهێنانی مێشکیان لەسەر خوو و کارامەیی بەسوود، وەکو توانستی خێرا وەڵام دانەوە و پرسیار کردن.

٤. پێشبینی ڕەفتاری خوێندکارەکانت بکە لە پلانی زۆر باش داڕێژراودا

گرانت ویجنسی هاونووسەری جەیسن مکتای لە کتێبی تێگەشتن بە داڕشتندا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاڕاستەکردنی ڕەفتار، ئارەزوو، و سەرنجی خوێندکار بەرەو ڕێچکەیەکی فێربوونی بەرهەمدار پێویستی بە پلان دانانی ژیرانە هەیە. سەرەتا، تیشک بخەرە سەر ئەوەی کە چۆن خوێندکاران بتوانن ئەوە بسەلمێنن تێدەگەن و ئامانجی وانەکەیان بە دەست هێناوە. پاشان چالاکی فێرکاری پێکبهێنە بۆ گەیاندنی خوێندکاران بەو خاڵە.

بە بۆچوونی لێکۆڵەری پەروەردەیی ڕۆبێرت مارزانۆ، دەبێت ئەو ئامانجەی کە لە پلانی وانە ووتنەوەدا هەوڵی بۆ دراوە پرسیارکردن و وەڵامدانەوەی پرسیار بێت لەلایەن خوێندکار خۆیەوە. ڕەنگە قورس بێت لەپڕ پێشنیاری ئەو جۆرە پرسیارانە بکەیت، بەڵام لەگەڵ کەمێک  بیرکردنەوەی وردتر، دەتوانیت لە پلانی وانە ووتنەوەکەتدا ئەو جۆرە پرسیارانەش لەخۆبگریت. لە کۆتاییدا، باشترین پلانی بەڕێوەبردنی پۆل پلانێکی وانە وتنەوەی باشە.

٥. دانانی ئەو پێوانە ڕەفتارییانەی کە پاڵپشتی فێربوونی خوێندکار دەکەن

دەبێت ئەم پێوانانە پاڵپشتی فێرکردن و ئەو سزایانە بکەن کە دانراون بۆ کەم کردنەوە و نەهێشتنی ئەو ڕەفتارانەی ڕێگرن لە فێرکردن. پێویست ناکات پێوانەکان زۆر ورد بن بە جۆرێک هەموو هەڵسوکەوتەکانی تێدابێت لەگەڵ سزاکانی جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕەفتارانە، بەڵام دەبێت ئامانجی سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێزگرتن، پەیوەندی بەستن بە شێوەیەکی دروست، و هەروەها ئامادەبوون بۆ فێربوون بپێکن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پێوانەکان لەگەڵ هەر چوار پێکهاتەکەی تردا بەبێ کێشە کاربکەن، بە تایبەت فێرکردنی خوێندکارەکانت کە چۆن لە پۆلەکەتدا فێرببن.

من فێربووم هەر وانەیەک بەپێی شێوازی ووتنەوەکەی ڕێکبخەم. واتە بۆ هەر چالاکییەک کە فێری دەبن، پێوانەکانی جێبەجێکردن ڕوون دەکەمەوە، هەروەها سنورەکانی ڕەفتاریش. بۆ نمونە:

تۆ ١٥ خولەکت هەیە، و تۆ و هاوکارەکەت کار دەکەن لەسەر دیزاین کردنی پێکهاتەیەک. دەتوانن بە دەنگی نزم لەگەڵ هاوکارەکانتاندا تاوتوێی پلانەکانتان بکەن. ئەگەر پرسیارتان هەبوو، تکایە کوپە سورەکە بخەنە سەر مێزەکە، و منیش بە زووترین کات دێم و یارمەتیتان دەدەم. لە هەمان کاتدا، بەردەوام بن لە کارکردن لەسەر شتەکانی تر هەتاوەکو من دێمە لاتان.

لە ڕۆژی یەکەمەوە

دانانی پلانێکی کاریگەر بۆ بەڕێوەبردنی پۆل هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی قوتابخانەوە دەست پێدەکات، بەڵام هەر بە ئەوەندە کۆتایی نایەت. بە درێژایی ساڵەکە، دەبێت بەردەوام بین و سوربین لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی متمانەکردن، پەیڕەو کردن و ووتنەوەی باشترین بیردۆزەکانی فێربوون، ڕێزگرتن لە کاتی خوێندکار، وەڵام دانەوەی ڕەفتارەکانی خوێندکار و پێداویستییەکانیان لە پلانەکانی وانە ووتنەوەدا، و هەروەها بەردەوام بوون لە پەیڕەوکردنی بنەما ڕەفتارییە ورد و بەرزەکانی فێربوون. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت نەرم بین و هەڵبکەین لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییانەی کە دەکرێت ببن بە ئاستەنگ تەنانەت لە بەردەم باشترین پلانەکانی بەڕێوەبردندا. کام ڕاهێنانی بەڕێوەبردنی پۆل گونجاوترە بۆ تۆ؟

سەرچاوەی بابەت: ئێره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئێره ببينه

ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: هەناو ئیبراهیم مەحمود

هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود

 ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Hanaw Ibrahim

هەناو ‌‌إبراهیم دەرچوی بەشی ئەندازیاری شارستانیم لە زانکۆی سلێمانی. لە ئێستادا لە بواری وەرگێڕانی هەردوو زمانی عەرەبی و ئنگلیزیدا کاردەکەم، هەروەها سەرقاڵی وێنەکێشانم وەکو خولیایەک.

لێرەش بگەڕێ

دەستبکە بە قسەکردن: شەش یارى ناوازە بۆ ئەوەی خوێندکارەکانت بهێنیتە قسەکردن

زۆربەى مامۆستایانى ووتنەوەی زمانى ئینگلیزى کێشەى ئەوەیان هەیە کە قوتابییەکانیان ئاخێوەرى شەرمنن یان دوودڵن لە …

Share via
Send this to a friend